کیم یۆ جۆنگ ئون خوشکی سەرۆکی کۆریای باکور رایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازە هەنگاو بنێت بۆ چاکسازی پەیوەندی لەگەڵ کۆریای باشور و تەنانەت ئامادەشن لە لوتکەیەکی باڵای سەرکردایەتی نێوان هەردوولادا بەشداربن، لەپێناو ئاساییکردنەوە پەیوەندییەکانیان.
بەگوێرەی بۆچوونی شارەزایانی بواری پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باکوور و کۆریای باشور، کۆریای باکور دەیەوێت لە رێگای ویستی کۆریای باشورەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، فشار لەسەر کۆریای باشور دروستبکات بە مەبەستی فشار خستنەسەر ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە.
لە وتەکانیدا،
خوشکەکەی سەرۆکی کۆریای باکور رەخنەشی لە کۆریای باشور گرتووە بەوەی بەرهەمهێنان و
دروستکردنی چەکە ئەتۆمییەکەی بە هاندانی دروستکردنی گرژی لە ناوچەکە و دروستکردنی
مەترسی و هەڕەشەش بۆسەر کۆریای باشور لە قەڵەمداوە، لەکاتێکدا بەپێی وتەی کیم یۆ جۆنگ
دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن کۆریای باکورەوە، تەنها لەپێناو "بەهێزکردنی
توانای سەربازیی کۆریادایە.
ئاماژەی بەوەشکردووە،
بە پشتبەستن بە بونیادنانی متمانەی هاوبەش و ئاڵوگۆڕکراو لە نێوان هەردوو کۆریادا،
کۆریای باکور ئامادەیە وەڵامی بانگهێشتەکانی کۆریای باشور بداتەوە و کۆتایی بە شەڕی
کۆریا بهێنێت بە شێوەیەکی فەرمی، هاوکات، نوسینگەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو کۆریاش،
کە لەساڵی ٢٠٢٠دا داخرا، بخاتەوە سەر کار جارێکی دیکە.
پەیوەندییەکانی
نێوان هەردوو کۆریای باشور و باکور، لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەی رابردوودا بە دۆخێکی
هەستیار و لاوازدا تێپەڕیوە، هەردوولاش یەکتر بە خستەنە مەترسی بەرژەوەندییەکانیان
تۆمەتبار دەکەن، پرسی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکووریش پرسی سەرەکی دوایین ئاڵۆزییەکانی
نێوان هەردوو کۆریایە.