سەردێڕ:

ئەمریکا؛ پاڵپشتی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆسەر مۆسکۆ ناکەین

AM:08:28:23/08/2023

3544 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند: شەش رۆژە بۆردوومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا لە مۆسکۆ بەردەوامە، ئەمریکاش دەڵێت، "ئێمە پاڵپشتی ئەو هێرشانە ناکەین."


رۆژی چوارشەممە، سێرگی سۆبیانین سەرۆکی شارەوانی مۆسۆ راگەیاندراوێکی لە تۆڕی تێلەگرام بڵاوکردەوە شەوی رابردوو ئۆکرانیا بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو باڵەخانەی لە مۆسکۆ بۆردوومان کردووە.

باسی لەوەشکردووە، بۆردوومانەکەی ئۆکرانیا هیچ زیانی گیانی نەبووە و توانیویانە یەکێک لە فڕۆکەکان بخەنە خوارەوە.

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا هۆشداریدا بە ئۆکرانیا و رایگەیاند، ئەوان پاڵپشتی هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆسەر مۆسکۆ ناکەن.

پێشتریش، ئەمریکا رەتیکردەوە چەکی بە ئۆکرانیا دابێت بە مەبەستی هێرشکردنە سەر روسیا و وتی، "ئەو هاوکارییە سەربازییانەی دەیدەین بە ئۆکرانیا بۆ پاراستنی خاکەکەیەتی."

لە ٢٤ـی شوباتی ساڵی رابردوو بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا سوپای ئەو وڵاتە هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و تا ئێستاش جەنگ بەردەوامە، لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە ئۆکرانیا رایگەیاند، بە بەکارهێنانی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا دەستی بە هێرشی پێچەوانەکردووە بۆسەر سوپای روسیا.













گەلەری