سەردێڕ:

شارەزایەکی ئابوری هۆکارێکی دیکەى بەرزی نرخی دۆلار لە بازاڕەکان ئاشکرا دەکات

کامەران قادر شارەزای ئابوری
PM:04:03:06/08/2023

7180 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی ئابوری رایگەیاند، خستنەڕووی دیناری زۆر لەلایەن حکومەتی عێراقی کە هاوتای ئەو بڕەی دۆلار نییە کە بانکی ناوەندی دەیخاتەڕوو نرخی دۆلاری بەرزکردووتەوە و ئێستا بازرگانەکان تەنیا دەتوانن بە دۆلارى بانکی ناوەندی، کاڵا هاوردە بکەن و ئەوەش هاوکار دەبێت بۆ نزم کردنەوەی بەهاى دۆلار لەبەرامبەر دینار.


کامەران قادر شارەزای ئابوری لە میانەى میوانداری کردنى لە پانۆراماى هەواڵەکانى شەوى رابردوو، راگەیاند "بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی دۆلار بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەمیان ئەوەیە حکومەتی عێراق خستنەڕووی دراوی دیناری زۆر زیاد کردووە و بانکی ناوەندی ئەو بڕی دۆلاری هاوتای ئەو دینارە ناخاتە بازاڕەوە".

دەشڵێت، "پێویستە خستنەڕووی دۆلار زیاد بکات بەو بڕەی کە بازرگانی پێ دەکرێت تاوەکو نرخی دۆلار بۆ ١٤٠ دابەزێت".

ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی بازرگانان بەهیچ شێوەیەک ناتوانن شتومەک لە دەرەوە هەناردەی ناوەوە بکەن تاوەکو دۆلار لە بانکی ناوەندی نەکڕن، ئەم بڕیارە وا لە بازرگانان دەکات مەرجەکانی بانکی ناوەندی جێبەجێ بکەن تاوەکو مۆڵەتیان پێ بدرێت شتومەکەکانیان هاوردەی ناوخۆی عێراق بکەن.

کامەران قادر ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر بانکی ناوەندی بڕی دیاری کراو لە دۆلار بخاتە بازاڕەوە و ئەو مەرجانەی بۆ کڕینی دۆلار کە بۆ بازرگانانی داناوە، سادە بکاتەوە ئەوا نرخی دۆلار دادەبەزێت.

لەبارەی بانکە سزادراوەکانەوە باسی لەوەکرد، ئەو بانکانە مامەڵەی دۆلاریان لەسەر قەدەغەکراوە و ئەمەش کاریگەری گەورەی بۆ ماوەیەکی کورت لەسەر بازاڕ دروست کرد، ئەگەر لە چەند مانگی داهاتوودا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت کەواتە کێشەکە لە بانکی ناوەندییەوەیە.

لە ماوەی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا مامەڵەی دۆلاری لەسەر ١٤ بانکی عێراقی قەدەغەکرد و دوای بڵابوونەوەی ئەو هەواڵە نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێک بۆ سەروو ١٥٠ هەزار دینار بەرزبووەوە.













گەلەری