سەردێڕ:

سودانى بڕیاریدا لیژنەیەکى وەزارى بۆ پڕۆژەیاساى نەوت و غاز پێکبهێنرێت

سەرۆک وەزیرانى عێراق لەکۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان
PM:03:19:02/08/2023

3472 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى لایەنە سیاسییەکان و وەزارەتى سامانە سرووشتیەکانى هەرێم و دامودەزگاکانى حکومەتى عێراق، لەبارەى پڕۆژەیاساى نەوت و غاز بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزارى بەمەبەستى تاوتوێکردنى پڕۆژەیاساکە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بە ئامادەبوونی بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکان و وەزیرانی نەوت و پیشەسازی و راوێژکاری سامانە سرووشتییەکانی هەرێم لەگەڵ ژمارەیەک پسپۆڕی تەکنیکی و یاسایی کۆبوونەوەیەک لەسەر تاوتوێ کردنی پڕۆژە یاسای نەوت و غاز و پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزاری بەڕێوەچوو.

لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا کۆتا رەشنووسی پڕۆژەیاساکە لەگەڵ تەواوی وردەکاری و بڕگەکانی جێبەجێ کردن خرانەڕوو، هەروەها رەشنووسەکە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە مەبەستی پەسەند کردنی پڕۆژەیاساکە بەپێی چوارچێوەی یاسایی و دەستووری.

هاوکات، لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی جەختی لەوەکردەوە، "پڕۆژەیاسای نەوت و غاز یەکێکە لە یاسا بنەڕەتی و گرنگەکان و فاکتەری هێز و یەکگرتووییە لە عێراق"، وتیشى " لەکاتێکدا بەتایبەت وڵاتەکەمان پێویستییەکی زۆری بە یاسادانان و سوود وەرگرتن لە سامانە سروشتییەکان بۆ چارەسەر کردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەیە".

سودانى ئاماژەی بەوەکرد، یاساکە بەشێکە لە پابەندبوون بە کاروبارە وەزارییەکان کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت و بنەماکانی دەستوور لەبەرچاو دەگرێت بۆ دابەش کردنی سامانی نەوت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، هاوکات یارمەتیدەر دەبێت بۆ کارکردن لەسەر بووژانەوە و چاکسازییە ئابورییەکان.

هاوکات سەرۆک وەزیرانى عێراق، داوای کرد لیژنەیەکى وەزارى لە چوارچێوەى گفتووگۆ و را گۆڕینەوە لەسەر بابەتە هونەرییەکان لەنێوان وەزارەتى نەوت و سامانە سرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان پێکبهێنرێت، هەروەها بانگهێشتى پارێزگارەکانى ئەو پارێزگایانەى خاوەن نەوتن بکرێت، بەتایبەتى هەریەک لە پارێزگاکانى بەسڕە و کەرکوک و میسان و زی قار.

هەروەها لەگەڵ پارێزگارەکان پێویستە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەرانى کۆمپانیا نەوتییەکانى سەربە حکومەتیش بانگهێشت بکرێن لەچوارچێوەى ئەو دانیشتنەى بۆ گفتووگۆى پڕۆژەیاساکە دەکرێت، ئەمەش بە ئامانجى یەکخستى بیر و راکان و گفتووگۆ سیاسییەکان بەمەبەستى رێککەوتنى کۆتایی بۆ پێشکەش کردنى پڕۆژەیاساکە بە پەرلەمان.

ئەوە لەکاتێکدایە، ماوەى چەندین ساڵە پڕۆژەیاساى نەوت غاز، یەکێکە لە ناکۆکییە گرنگەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و لایەنەکان بە درێژایی چوار خولی رابردووی پەرلەمان لەسەری نەگەیشتنە رێککەوتن.

لەم خولەی ئێستای پەرلەمان دا، لایەنە سیاسییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەى پێویستە رێککەوتن لەسەر پڕۆژەیاساکە بکرێت، سەرجەم لایەنەکان بەمەبەستى تێپەڕاندنى دانوستاندن بکەن تاکو لە پەرلەمان دەنگى پێویست بهێنێت و تێپەڕێنرێت.













گەلەری