شارەزایەکی ئابوری رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بەم زوانە نرخی دۆلارێک ببێتە هەزار و ٤٠٠ دینار.
ئەمڕۆ شەممە، عەبدولرەحمان مەشهەدانی شارەزای ئابوری لە لێدوانێکی دا بۆ میدیا عێراقییەکان لەبارەی بەهاى دینار لەبەرامبەر دۆلار ئاماژەی بەوەکرد، سزادانی ١٤ بانکی عێراقی لەلایەن گەنجینەی ئەمەریکا و رێگری لێکردنیان لە مامەڵەکردن بە دۆلار هۆکار بوو بۆ هەڵاوسانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بەتایبەت دۆلار.
هاوکات، باسی لەوەکرد، هۆکارێکی دیکەی هەڵاوسانەکە دەگەڕێتەوە
بۆ ئەوەی لەپاش ئەو سزایە حکومەت بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق
مۆڵەتی بە ١١٦ کۆمپانیای ئاڵوگۆڕکردنی دراو داکە پشکەکانیان بە دۆلار لە بانکەکانی دیکە جگە لەو بانکانەی سزا درابوون، وەربگرن.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "لابردنی سزا لەسەر
ئەو ١٤ بانکە و جێبەجێ کردنی رێوشوێنی پێویست بۆ کەم کردنەوەی باج لەسەر زیادبوونی
نرخی دراوەکان دەبێتە هۆی سەقامگیری نرخەکان بە شێوەیەک کە نرخی دۆلارێک ببێت بە هەزار
و ٤٠٠ دینار".
ئەمە لە کاتێکدایە، لە رێکەوتی ١٩ی تەممووز بەهۆی حەواڵە کردنی
دۆلار بۆ ئێران و ئەو وڵاتانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە سزادراون، ئەمەریکا
سزای بەسەر ١٤ بانکی عێراقی دا سەپاند، لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش نرخی ١٠٠ دۆلار
لە ١٤٨ هەزار دینارەوە بۆ سەرووى ١٥٠ هەزار دینار بەرزبووەوە.