سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی وردەکاری دورخستنەوەی وەهاب هەڵەبجەیی ئاشکرا دەکات

PM:08:47:13/06/2023

189548 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ماڵی تاڵەبانی لەسەر داوای پارتی وەهاب هەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆری حزبەکەیان لە پۆستەکەى سڕکرد و پاش ماوەیەکی دیکەش بە تەواوی دوری دەخەنەوە. هەروەها، چاوگێکی نزیک لە وەهاب هەڵەبجەیی لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕتى رەتیکردەوە بەرپرسى دژە تیرۆر لە پۆستەکەى سڕکرابێت.


هەر بەپێی زانیارییەکان سڕکردنی بەرپرسی دژە تیرۆری یەکێتی لەسەر داوای پارتی بووە، سڕکردنەکەشی هەنگاوی یەکەمی دورخستنەوەیەتی لە پۆستەکەی، چونکە بڕیاری لابردنی دراوە و لە داهاتوودا لە پۆستەکەی لایدەبەن.

هاوکات چاوگێکی ئاگادار بە ئێن ئارتی ڕاگەیاند، هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بڕیاری لابردنی بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆریان داوە ئەوەش دوای ئەوەی پارتی ناردنی بودجەی دژی تیرۆری یەکێتی بەستووەتەوە بە لابردنی وەهاب هەڵەبجەیی کە مانگانە بەپێی هەندێک زانیاری نافەرمی ملیۆنان دۆلارە.

دوای رێککەوتنە نوێیەکەیان پارتی بەڵێنی بە یەکێتی داوە بودجەی دژەتیرۆری یەکێتی بنێرێت و چاوپۆشی لە دۆسیەی کوشتنی هاوکار جاف بکات و لە بەرامبەریشدا یەکێتی وەهاب هەڵەبجەیی لە پۆستەکەی دوربخاتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، دواکەوتنی دورخستنەوەی وەهاب هەڵەبجەیی پارتی توڕەکردووە و دەرچونی بڕیاری لەسێدارەدانیش بۆ وەهاب هەڵەبجەیی هەر بەهۆی دواکەوتنی لابردنەکەیەوە بووە.
لەبەرامبەردا، 
چاوگێکی نزیک لە وەهاب هەڵەبجەیی لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕتى رەتیکردەوە بەرپرسى دژە تیرۆر لە پۆستەکەى سڕکرابێت و رایگەیاند، لە کارەکەى بەردەوامە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە خودى دەزگاى دژە تیرۆر هیچ شتێکى فەرمى لە بارەى هەواڵەکەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەکانی رابردوو یەکێتی و پارتی چەندین جار یەکتریان تۆماتبار کرد بە کەیسی کوشتنی هاوکار جاف، بەڵام دواتر هەردوکیان رێککەوتن لەسەر چاوپۆشیکردن لە دۆسیەکە و دۆسیە ئەمنیەکانی دیکەی نێوانیان.













گەلەری