سەردێڕ:

کوڕێکی عەبدوڵای کوێخا موبارەک کوژرا

PM:04:54:25/04/2023

157896 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە کوڕێکی عەبدوڵای کوێخا موبارەک بەرپرسی پارتی لە قەزای چەمچەماڵ کوژرا.


شەریف رەحیم وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کەمێک پێش ئێستا لە قەزای چەمچەماڵ بە دەسڕێژی گوللـە کەسێک کوژرا کە تەمەنی ۲۱ ساڵە و تەرمەکەی گەیەنراوەتە بەشی فریاکەوتنی قەزای چەمچەماڵ. بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ئەو گەنجەی کوژراوە کوڕی عەبدوڵای کوێخا موبارەکە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، گرفتەکە لەنێوان ماڵێک و ئەو کوڕەی عەبدوڵای کوێخا موبارەکدا بووە و دوابەدوای رووداوەکەش خانو و ماڵی لایەنی بەرامبەر لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە سوتێنراوە و بەرگری شارستانی چەمچەماڵ سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.
پێشتریش کوڕێکی دیکەی ئەو بەرپرسەی پارتی تۆمەتباربوو بە کوشتنی کەسێک. هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو کوڕەی کوژراوە، ناوی سەرهەدە و کورە بچوکی عەبدوڵای کوێخا موبارەکە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، ماڵی ئەو کەسەی کە تەقەی لە کوڕەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک کردووە بەتەواوی سوتێندراوە و چەندین ماڵیش لە دەوروبەریدا بەهۆی دەستڕێژی گولەوە گولە بەرماڵەکانیان کەوتووە و زیانیان پێگەیشتووە. ئەوەشی خستەڕوو  پێشتر کێشە لەنێوان هەردوولادا هەبووە.

لەو بارەیەشەوە رەمک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و کۆنترۆڵکردنی رووداوەکەن.

وتیشی، هەردوولا خزمایەتیان هەیە و ساڵی رابردوو کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبووە کە بەهۆی ئەو رووداوەوە بووە، لە ئێستاشدا لایەنی کوژراو پەلاماری ماڵی بکوژیانداوە و ماڵەکەیان سوتاندووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، پێشتر سکاڵا لەدژی کوڕەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک تۆمارکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە داڵدە دراوە و ماوەیەک کوڕەکە لە هەولێر ماوەتەوە و دواتر گەڕاوەتەوە بانی مەقان بۆلای باوکی و هیچ رێکارێکی یاسایی بەرامبەر نەگیراوەتەبەر.

 

سۆران محەمەد، چەمچەماڵ - گۆران لوقمان، سلێمانی

 

هـ.ئـ













گەلەری