سەردێڕ:

کەشناسی: ئەم هەفتەیە بارانی بەلێزمە دەبارێت

PM:10:29:26/03/2023

51372 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە و پێشبینیدەکرێت بارانی بەلێزمە ببارێت.


دەستەی کەشناسی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سبەینێ دووشەممە ئاسمانی هەرێم هەوری تەواودەبێت و باراندەبارێت و هەورەبروسکەی لەگەڵدا دەبێت و پلەکانی گەرماش کەمێک دادەبەزن.

ئاماژەی بەوەشداوە، رۆژی سێشەممە ئاسمانی هەرێم نیمچە هەوردەبێت و لە رۆژهەڵاتی هەرێم ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و باران بەڕێژەی جیاواز دەبارێت و هەورەبروسکەی لەگەڵدا دەبێت.دەشڵێت، پلەکانی گەرما لە سەرتاسەری وڵاتدا هاوشێوەی تۆمارکراوەکانی رۆژی پێشوو دەبن.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژی چوارشەممە، ئاسمانی هەرێم نیمچە هەوردەبێت و ئەگەری بارینی نمەبارانی دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکاندا و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە.

باسی لەوەشکردووە، رۆژی پێنجشەممە ئاسمان نیمچەهەوردەبێت و لەناوچە شاخاوییەکان نمەباران دەبارێت و پلەکانی گەرما چەند پلەیەک نزمدەبنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کاریگەرى پاڵە پەستۆی هەوایەکی سارد لە عێراقەوە روو لە هەرێم دەکات و باران لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەبارێت و ئەگەر هەیە هەورە تریشقە و لێزمە بارانى کورتخایەن دروست ببێت.

هاوکات، هەر ئەمڕۆ بەهۆی خراپی کەشوهەوا و ئەگەری بارینی بارانی بەلێزمە لە پارێزگای ئەنبار و زیقار لەسەرجەم دامودەزگا حکومییەکان و قوتابخانەکان بۆ سبەینێ دووشەممە رێکەوتی ٢٧ی ٣ی ٢٠٢٣ دەوام راگیرا.

کـ - ئـ













گەلەری