سەردێڕ:

جەمیل هەورامی: ئەگەر سەرکردایەتی لە پەیامەکەی کونسوڵی ئەمریکا تێنەگەیشت سەرکردایەتی نییە

PM:06:03:26/03/2023

5912 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی رایگەیاند، ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کورد لە پەیامەکەی کونسوڵی ئەمریکا تێنەگەیشت ئەوا سەرکردایەتی نییە.


جەمیل هەورامی سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کورد لە پەیامەکەی کونسوڵی ئەمریکا تێنەگەیشت ئەوا سەرکردایەتی نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر گەندەڵی نەبوایە نەک کونسوڵی ئەمریکا، هاوڵاتییەکیش نەیدەتوانی وابڵێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم ئەو راپۆرتەی گۆڤاری فۆڕن پۆڵەسی لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاوکردەوە کە دەسەڵاتی هەرێمی بە کارتۆنی وەسف کردبوو.

پێشتریش، رۆژی ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٣ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پارتی و یەکێتی دەزگای ئەمنی تایبەتیان هەیە و بەکاریدەهێنن دژی ئەو کەسانەی ڕەخنەیان لێدەگرن.

لە راپۆڕتەکەدا لەسەر دۆخی رۆژنامەوانیش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، پارتی و یەکێتی رێگانادەن ئەو میدیایانەی نزیک نەبن لە خۆیانەوە زانیاریان دەستبکەوێت.

لە راپۆرتەکەدا وەزارەتەکە بە وردی هەڵسەنگاندنی کردووە بۆ ئازادییە سیاسییەکان و دۆخی چالاکوانان و رۆژنامەنووسان لەژێر حوکمی پارتی و یەکێتیدا.

نووسیویشیەتی، ئێن ئاڕتی و بەشێک لە میدیاکان ڕێگریان لێکراوە روماڵی رووداوەکان و خۆپیشاندانەکان بکەن.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم وەڵامی ئەو راپۆرتەی ئەمریکای دایەوە کە لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمدا نووسراوە و دەڵێت، ئەمریکا گوێ لە ئۆپۆزسیۆن دەگرێت لەبری ئەوان و راپۆرتەکە دوورە لە راستییەوە.

کـ - ئـ













گەلەری