سەردێڕ:

بایدن ئامانجی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆسەر هێزەکانی ئێران لە سوریا ئاشکرا کرد

AM:09:56:26/03/2023

3188 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆسەر ئێران لە سوریا بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بووە و وەڵامێک بوون بۆ ئەو هێرشەی ئێران کردییە سەر هێزەکانیان لە سوریا.


جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کردووە ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکانی ئەمریکا ئەو شوێنانەیان بەئامانج گرتووە کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەکارهاتووە و خۆراک و کەرەستەی دیکەیان تێدا هەڵگرتووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو لەهێرشەکانیاندا هیچ هاوڵاتییەکی سڤیل زیانی پێ نەگەیشتووە و هێرشەکانیان لەپێناو بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتیمانی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجامداوە.

هاوکات، کیفان خەسرەوی وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران رایگەیاند، وەڵامی خێرایان دەبێت بۆ هێرشەکانی ئەمریکا کە بەهۆیەوە ١٩ کەس گیانیانلەدەستداوە و ئەو دامەزراوانەی ئێران کەلەلایەن ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج لەسەر داوای حکومەتی سوریا و بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی داعش بنیاتنراون.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، بەرەبەیانی دوێنی هەینی، فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی "لێدانی خوێناوی" بۆردومانی کۆگایەکی سەربازی سوپای پاسدارانیان لە ئەلبو کەمال لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور و سەربازگەیەکی دیکەی هێزەکانی ئێرانی لە جەرگەی شاری ئەلمەیادین کرد و بەهۆیەوە ١٩ کەس گیانیانلەدەستداوە.

پێشتریش لە هێرشێکی هێزەکانی ئێراندا بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کە بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا و ٥ سەربازی ئەمریکیش لە سوریا بریندار بوون و ئەو وڵاتەش بەرپرسیاریەتیەکەی خستە ئەستۆی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران.

هـ.ح













گەلەری