کۆشکی کرملین داوای لە بەرپرسانی وڵاتەکەی کردووە وەک خۆ ئامادەکردنێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی روسیا لە ساڵی داهاتوودا، مۆبایلی ئایفۆن بەکارنەهێنن.
رۆژنامەی کۆمەرسانتی روسی بڵاویکردەوە، سێرگی کیرینکۆ جێگری یەکەمی سەرۆکی بەڕێوەبردنی دیوانی سەرۆکایەتی روسیا داوای لە بەرپرسانی کۆشکی کرملین و ئیدارەکەی ڤلادیمیر پوتین کردووە تا هاتنی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ مۆبایلە ئایفۆنەکانیان بگۆڕن.
چاوگێکی ئاگادار لە کۆشکی کرملین بە رۆژنامەی کۆمەرسانتی روسی راگەیاند، پێیان راگەیاندون کە مۆبایلە
ئایفۆنەکانیان فڕێبدەن یان بیدەن بەمنداڵەکانیان، هەربۆیە پێویستە تا مانگی نیسان
دەبێت هەموو مۆبایلەکانیان بگۆڕن.
رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە،
کە کۆشکی کرملین سیستمێکی نوێی بۆ بەرپرسان بەردەست خستووە کە وەک جێگرەوەی ئایفۆن
بەکاری بهێنن.
دەشڵێت، پێویستە هەر کەسێک
لە کەرتی سیاسەتی دەرەوەدا کاردەکات و پەیوەندی لەگەڵ سێرگی کیرینکۆ هەیە دەبێت
مۆبایلە ئایفۆنەکانیان بگۆڕن.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر
ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا ئاشکرای کرد کە مۆبایلی زیرەکی نییە و بەهیچ شێوەیەک
بەکاری ناهێنێت. لەلایەن خۆشیەوە دیمیتری بیسکۆڤ وتە بێژی کۆشکی کرملین
رایگەیاند، پوتین جارناجارێک ئینتەرنێت
بەکاردەهێنێت.
دوابەدوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە
سەربازییەکانی روسیا لە ئۆکرانیا لە ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٢، هەواڵگرە ئەمریکی و بەریتانییەکان
ئاشکرایان کرد، توانیویانە زانیاری لەبارەی پلانی روسیا بۆ هێرش کردنە سەر
ئۆکرانیا ئاشکرا بکەن. بەمەش روسیا بڕیاریداوە بەرپرسە باڵاکانی لەمەودا مۆبایلی
جۆری ئایفۆن بەکار نەهێنن.
کـ - ئـ