بەڕێوەبەرایەتی گشتی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق رایگەیاند، فەرمانگەکانی پێدانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی یەک لەدوای یەک دەکرێنەوە و لە هەمان کاتدا میکانیزمی داواکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دیاری دەکرێت و مەرجەکانی بەدەستهێنانی دەخرێنەڕوو.
ریاز جەندی کەعبی، بەڕێوەبەری گشتی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، پاش تەواوکردنی ژێرخانەکەی، فەرمانگەکانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بەشێوەی یەک لەدوای یەک دەکرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، هەفتەی داهاتوو فەرمانگەی کازمییە دەکرێتەوە و دوای ئەویش
فەرمانگەی کەڕادە دەکرێتەوە ئەمەش جگە لەکردنەوەی پێنج فەرمانگەی دیکە بەشێوەی یەک
لەدوای یەک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا.
ریاز جەندی باسی لەوەشکرد، ئەو هاوڵاتییانەی هەڵگری پاسپۆرتی ئاسایین،
پاسپۆرتی ئاسایی نوێیان پێ دەدرێت، بەڵام ئەو هاوڵاتییانەی کە پاسپۆرتەکانیان بەسەرچووە
و داوای پاسپۆرتی ئاساییان نەکردووە بەگوێرەی میکانیزمێک تەنها لەرێگەی فەرمانگەکانی
بەغداوە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنییان پێ دەدرێت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، هاوڵاتی مافی
ئەوەی نییە پاسپۆرتی ئاسایی خۆی بۆ پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بگۆڕێت هەتا کاتێک پاسپۆرتە
کاغەزییەکەی بەشێوەیەکی فەرمی بەسەر نەچێت.
هـ - ح