سەردێڕ:

وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق: زیاتر لە هەشت هەزار خاوەن بڕوانامەی ماستەر دادەمەزرێن

PM:11:57:16/03/2023

2712 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری خوێندنی باڵای عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی فەرمانێکی وزاری هەشت هەزار و ٣٨٢ کەس لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر وەک مامۆستای یاریدەدەر لە قوتابخانە و پەیمانگاکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە دادەمەزرێن.


وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی فیدڕاڵی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەگوێرەی فەرمانێکی وزاری بڕیاردراوە بە دامەزراندنی هەشت هەزار و ٣٨٢ هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و بەگوێرەی بڕیارەکە وەک مامۆستای یاریدەدەر لە خوێندنگەکان دەستبەکاردەبن.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتدا ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەوانەی بڕیاری دامەزراندنەکە دەیانگرێتەوە ناوەکانیان لەسەر ماڵپەڕی فەرمی وەزارتی خوێندنی عێراقی بڵاوکراوەتەوە بۆئەوەی بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارەکان سەردانی وەزارەت بکەن.

باسی لەوەشکردووە، تەواوکردنی رێکارەکانی دامەزراندنیان پێویستی بە چوار بەڵگەنامە هەیە لەگەڵ هێنانی کۆپی ئەسڵی بەڵگەنامەکان و چوار وێنەی رەنگاو رەنگ و دوو بڕوانامەی دەرچوون و یان هەر بەڵگەنامەیەکی دیکە کە پاڵپشتی دەرچوونیان لە خوێندنی ماستەر بکات.

لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە، پێویستە لەماوەی کەمتر لە ١٠ رۆژدا و لەبەرواری ١٦ی ئازارەوە دەست بە مامەڵەی دامەزراندنیان بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٢ەوە کابینە حکومییە یەک لەدوایەکەکانی هەرێم دامەزراندنیان راگرتووە و ساڵانە بە هەزاران دەرچووی زانکۆ و پەیمانگانە بە دانەمەزراوی دەمێننەوە. سەرەڕای ئەوەش حکومەت بۆ پڕکردنەوەی ئەو شوێنانەی پێویستی بەکارمەند هەیە، پەنا بۆ خۆبەخشەکان و فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەست دەبات و ئامادەنییە دایانبمەزرێنێت و بیانکاتە هەمیشەیی.

هـ - ح













گەلەری