سەردێڕ:

روسیا جارێکی دیکە هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە دەربڕی

PM:07:25:22/02/2023

4116 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا ئاماژەی بەوەدا، روسیا مافی ئەوەی هەیە بە هەر جۆرە چەکێکبێت بە چەکی ئەتۆمییشەوە خۆی بپارێزیت. دەشڵێت، " ئەگەر ئەمریکا بیەوێت روسیا شکست بهێنێت، ئەوا پێکدادانێکی جیهانی لێ دەکەوێتەوە".


دمیتری میدڤیدیڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا لە راگەیەندراوێکدا کە لە پێگەی فەرمی خۆی لە تێلێگرام بڵاوی کردەوە لەبارەی بڕیاری روسیا بۆ هەڵپەساردنی بەشداریکردن لە پەیماننامەی کەمکردنەوەی چەکە ستراتیجییە نوێیەکان (START) روونکردنەوەی دا.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریکا هەموو جۆرە کارێکی خراپی کردووە" بەرامبەر رووسیا.

دەشڵێت، ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر چەکی بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە و هەوڵ دەدات روسیا شکستبهێنێت، بەڵام ئاسایشی ستراتیجیی بابەتێکی دیکەیە. بەشێوەیەکی گشتیی پەیوەندی نییە بە پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و ئەمریکا.

دمیتری میدڤیدیڤ وتیشی، هەڵەکانی ئەمریکا لە هەستی خۆ بە باڵا نیشاندانەوە سەرچاوە دەگرێت. تەواوی هێزە بەجێیەکان هەست بەوە دەکەن ئەگەر ئەمریکا بیەوێت روسیا شکستبهێنێت، پێکدادانێکی جیهانی لێ دەکەوێتەوە. روسیا مافی ئەوەی هەیە بە هەر جۆرە چەکێک بە چەکی ئەتۆمییشەوە خۆی بپارێزیت.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا باسی لەوەشکرد، بەهۆی هەنگاوەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ناتۆ، روسیا بڕیاری هەڵپەساردنی داوە لە پەیماننامەی کەمکردنەوەی چەکە ستراتیجییە نوێیەکان.

وتیشی، ئەمە بڕیارێکە کە جیهان و بە تایبەتیش ئەمریکا بە دەنگ دەهێنێت کە لە بەرامبەر ئەم جەنگە دراوە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ناتۆ لە دژی وڵاتی ئێمە رایانگەیاندووە.













گەلەری