حکومەتی ئەمریکا داوای لە سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە وڵاتەکەی ئامادە بکات بۆ دەستپێکردنی پلانی هێرشکردنە سەر سوپای روسیا.
چاوگێکی ئاگادار بە میدیا جیهانییەکانی راگەیاندووە، بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە سوپای ئۆکرانیا لە دۆخێکی خراپدایە و حکومەتی ئەمریکا داوای لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە، سوپاکەی و وڵاتەکەی ئامادە بکات بۆ هێرشی پێچەوانە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریکا
بە ئۆکرانیای راگەیاندووە، بۆ ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانە لەگەڵ ئەوروپادا چەکی دیکە
بۆ ئۆکرانیا دابین دەکەن.
لە ماوەی رابردووشدا،
جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، سێ رۆژ پێش ساڵیادی
جەنگی روسیا و ئۆکرانیا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ یادکردنەوەی دەستپێکردنی ئەو جەنگە
گەشتێکی بچووک ئەنجامدەدات.
ئاماژەی بەوەشدا، جۆ
بایدن لە پەیامێکدا بۆ پۆتین دووپاتیدەکاتەوە کە وڵاتانی ناتۆ بەردەوام دەبن لە
هاوکاریکردنی ئۆکرانیا و سەرەوەری خاکەکەی و جەنگ چەندە درێژە بکێشێت هەر پاڵپشتی
ئۆکرانیا دەبن.
وتیشی، بایدن لە سەردانەکەیدا
چاوی بە ئرندێیە دودا سەرۆکی پۆڵەندا و سەرۆکانی وڵاتانی بوخارستی نۆ دەکەوێت کە لەو
وڵاتانەی ئەوروپای رۆژهەڵات پێکدێن کە ئەندامن لە ناتۆ و باس لە هاوکارییەکانیان بۆ
ئۆکرانیا دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە
٢٤ـی ئەم مانگەدا ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر دەستپێکردنی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا و
تاوەکو ئێستاش جەنگەکە بەردەوامە.