سەردێڕ:

فڕۆکەخانەی سلێمانی لەبارەی ئاڵوگۆڕی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ گەشتیاران روونکردنەوە دەدات

PM:07:13:13/02/2023

14828 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بانکەکان لقیان لە ناو فڕۆکەخانەی سلێمانیدا نەکردووەتەوە و هەر کاتێک لقیان کردەوە ئەوا دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی عێراق دەفرۆشنە گەشتیاران.


دانا محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، بۆ فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق کە هەزار و ٣٢٠ دینارە بۆ هەر دۆلارێک، چاوەڕێی بانکەکانن تا لقی خۆیان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بکەنەوە و هاوشێوەی فڕۆکەخانەی هەولێر دۆلار بە نرخی فەرمی بفرۆشن بە گەشتیاران.

وتیشی، هەموو ئامادەکارییەکان کردووە و شوێنیان دابینکردووە بۆیان، تەنها ئەوە ماوە بانکەکان بچنە فڕۆکەخانەکە و رێکارە کارگێڕییەکان لە فڕۆکەخانە تەواو بکەن و دەست بکەن بە فرۆشتنی دۆلار.

ئەوەشی خستەڕوو، لە سبەینێوە هەر کاتێک بانکەکان بچنە فڕۆکەخانە بۆ ئەو مەبەستە، ئەوا دەتوانن دەست بە مامەڵەکان بکەن.

دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بانکی ناوەندی عێڕاق بڕیاریدا بە نرخی فەرمی دۆلار بە گەشتیاران بفرۆشرێت لە فڕۆکەخانەکاندا، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی هەولێردا دەست بە فرۆشتنی دۆلار کرا بە گەشتیاران بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار بەرامبەر ١٠٠ دۆلار.

کارزان تاریق، سلێمانی













گەلەری