گەشتیارێکی ئەڵمانی لە رێگەی ماتۆر سکیلەکەیەوە گەشتی بە نێو وڵاتانی جیهاندا دەکرد و کاتێک سەردانی هەرێمی کرد ماتۆر سکیلەکەی دزرا، ئەمڕۆش پۆلیسی هەولێر ماتۆر سکیلەکەی رادەستکردەوە.
هۆگر عەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، گەشتیارێکی ئەڵمانی بە ماتۆر سکیلەکەی گەشتی بە نێو وڵاتانی جیهاندا کردووە و لە گەشتەکەیدا سەردانی پارێزگای هەولێری کردووە لە دوای مانەوەی لە هۆتێلێک ماتۆر سکیلەکەی لەلایەن باندێکی دزیکردنەوە دزراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، گەشتیارەکە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێری لە
رووداوی دزینی ماتۆر سکیلەکەی ئاگادارکردووەتەوە و تیمەکانی پۆلیسی هەولێریش و لە
ماوەی ٤٨ کاتژمێر تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، تیمەکانی پۆلیسی هەولێر سێ کەسیان بە تۆمەتی دزینی ماتۆر
سکیلی گەشتیارە ئەڵمانییەکە دەستگیرکردووە و لە لێکۆلێنەوەدا دانیان بە نۆ تاوانی
دزی دیکە ناوە.
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا ماتۆر سکیلەکە کە نرخەکەی زیاتر لە ١٠ هەزار دۆلارە
بە دەست پۆلیسی پارێزگای هەولێرە و بڕیارە رادەستی گەشتیارەکەی بکەنەوە تاوەکو لە
گەشتەکەی بەردەوام بێت.
گەشتیارەکە ناوی سانتایە و بە رەگەز ئەڵمانییە و ماوەی هەشت مانگە دەستی
بە گەشت کردووە لە رۆژی یەکشەممەی رابردوو ماتۆرسکیلەکەی دزرا و ماوەی ٢٤ کاتژمێر
بزر بووە.