سەردێڕ:

بانکی ناوەندی عێراق بڕی ئەو دۆلارەی خراوەتە بازاڕەوە ئاشکرا کرد

PM:07:18:09/02/2023

3244 جار خوێندراوەتەوە

بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە ٧٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریكای خستووەتەبازاڕەوە بەراورد بە ڕۆژی پێشوو بڕێکی کەمتری خستووەتە بازاڕەوە. هاوکات، نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو لە بازاڕەكانی ناوخۆدا رووی لە دابەزین كرد.


ئەمڕۆ پێنج شەممە، بانكی ناوەندی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بڕی ٧٦ ملیۆن و ٢١٧ هەزار و ٧٦٠ دۆلاری خستووەتەبازاڕەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە كۆی گشتی پارەكە ٤٣ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش و نەختینەیی فرۆشراوە و ئەوی دیکەش كە ٣٢ ملیۆن و ٤١٧ هەزار و ٧٦٠ دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی هەژماری بانكەكان لە دەرەوەی وڵات ئاڵوگۆڕی پێکراوە و رەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە.

هەربەگوێرەی راگەیەنراوەکەی بانکی ناوەندی، لە پرۆسەكەدا ١٤ بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی پتەوكردنی هەژماری دەرەوە و ١٨بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی نەختینە و ٦٩ كۆمپانیا بەشدارییان كردووە.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، نرخی یەک دۆلاریش بە ١٣١٠ دینار فرۆشراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بانکی ناوەندی عێراق هەر ١٠٠ دۆلارێک بە ١٣٠ هەزار دینار دەفرۆشێت. دابەزینی نرخی دۆلار دوای بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دێت لەسەر پێشنیازی بانکی ناوەندی؛ کە دابەزاندنی نرخی دۆلار بوو لە ١٤٦٠ دینارەوە بۆ ١٣٠٠ دینار بەرامبەر یەک دۆلار.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی بەغدا لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە واشنتۆن کۆدەبنەوە سەبارەت بە پرسی دابینکردنی نەختینەیی دۆلار بۆ عێراق ئەوەش بۆ سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار.













گەلەری