سەردێڕ:

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی دراودا؛ نرخی دۆلار چەندە؟

AM:10:02:23/01/2023

98572 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی دراودا لە شارەکانی هەرێم، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ١٦٤ هەزار و ٢٥٠ دینارە.


خستنەڕووی ئەمڕۆی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، ١٢٦ ملیۆن و ٩٤٤ هەزار و ٥٠٢ دۆلارە، کە ٦٧ ملیۆن و ٩٠٠ هەزاری لە بازاڕەکانی ناوخۆ و ٥٩ ملیۆن و ٤٤ هەزار و ٥٠٢ دۆلاریش بە شێوەی حەواڵە فرۆشراوە لە کاتێکدا، خستنەڕووی دوێنێی بانکی ناوەندی، تەنها ٩٢ ملیۆن دۆلار بووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە کاتژمێر ٩ی بەیانیدا، سوودانی لە بەردەوامی هەوڵەکانی بۆ دابەزندانی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق، پارێزگاری بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەری بانکی بازرگانی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.
دوێنێش، نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێڕاق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکوەزیران لەگەڵ یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبووەوە و باسیان لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی نرخی دۆلار لەسەر هاوڵاتیان کردووە و چەند بڕیارێک درا.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، بازاڕەکانی دراو و شارەزایان بە گوێرەی رێژەی خستنەڕووی دۆلاری بانکی ناوەندی تەماشای نرخەکان دەکەن و بەردەوام هۆشداری دەدەن لە ئەگەری کەمترخستنەبازاڕی دۆلاری بانکی ناوەندی ناسەقامگیری دروست دەبێت و نرخی دۆلار بەرزدەبێتەوە.

لەبارەی نرخی دۆلارەوە، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، تەنها لە دۆخێکدا سەقامگیری بۆ بازاڕەکان دەگەڕێتەوە، ئەوەیش ئەگەر حکومەتی عێراق جدی بێت لە لێپێچینەوەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی یاری بە بەهای دۆلارەوە دەکەن و دۆلار بە قاچاخ لە عێراقەوە دەبەنە ئێران.

ماوەی زیاتر مانگێکە، نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێم و عێراقدا ناجێگیری بەرچاوی بەخۆیەوە دیووە بە جۆرێک لە ١٤٨ هەزار دینارەوە تاوەکو ١٦٧ هەزار دینار گۆڕانکاری بەسەرداهات کە رۆژی چوارشەممە ئەو نرخەی بەخۆیەوە بینی و بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و دابەزین، تا ئێستاش نرخەکەی لەچاو نرخی فەرمیدا بەرچاو بەرزە.

ل.ل













گەلەری