سەردێڕ:

بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دا

PM:08:10:22/01/2023

67864 جار خوێندراوەتەوە

لە پێناو جێگیرکردنی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دا.


نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێڕاق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران لەگەڵ یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبووەتەوە و باسیان لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی نرخی دۆلار لەسەر هاوڵاتیان کردووە.

باسی لەوەشکردووە، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران و ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا خرایەڕوو، چەند بڕیارێک درا بۆ سەقامگیرکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار و رێگریکردن لە مامەڵە نە دروستەکان و بڕیارەکان پێک دێن لە:

یەکەم: کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێ بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی بە بازرگانانی بچووک لە ڕێگەی بانکی بازرگانی عێراق.

دوەم: پاڵپشتیکردنی بانکی ناوەندی بانکی بازرگانی عێراق بە بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بە مەبەستی کردنەوەی قەرزی بەڵگەنامەیی بۆ بازرگانانی بچووک.

سێیەم: دەستپێکردنی هاوردەکردنی کەلوپەل و کاڵای بازرگانی بۆ ئەو کۆمپانیایانەی تۆمارکراون لە بەشی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی فیدراڵی کە هەموو جۆرە کۆمپانیا و کارگەکانی تۆمارکراو لە بەرێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی و پڕۆژەی وەبەرهێنان بە هەموو جۆرەکانیەوە کە بەپێی پێویست مۆڵەتی کۆمسیۆنەکانی وەبەرهێنانیان پێدراوە، (جا ئەگەر مۆڵتەکەیان مەرجدار بێت یان بێ مەرج).

چوارەم: ئاسانکاری لە رێکارەکانی هاوردەکردن و کەمکردنەوەی مەرجەکانی ئامادەکردنی بەراوە پاڵپشتیکارەکانی هاوردەکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتی گشتی باج بۆ سەپاندنی غەرامەی دواکەوتن بەسەر هاوردەکاران و ئەوانەی کە لە دەسەڵاتی گشتی باج وەردەگیرێن.

پێنجەم: بەشداریکردنی ژوورەکانی بازرگانی و یەکێتی پیشەسازی لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزاریران کە لە بارەی دۆخی ئابوورییەوە هەموو هەفتەیەک ئەنجام دەدرێت و تێیدا باسی بەرەوپێشچوونەکانی دۆخی ئابووری دەکرێت.

شەشەم: بەشی تۆماری خانووبەرە و تۆماری کۆمپانیاکان و گەشەپێدانی پیشەسازی و دەسەڵاتی وەبەرهێنان و بانکی رافیدەین و رەشیدیش بەشداری کۆبوونەوەکانی هەفتانە دەکەن.
ئـ.کـ













گەلەری