بە بڕیارێک سەرۆک وەزیرانی عێراق گرێبەستی کۆمپانیاکانی پشکنینی هەزەی ئۆتۆمبێل و دەرههێنانی مۆڵەتی شۆفێری هەڵوەشاندەوە و لەمەودوا هاوڵاتیان دەتوانن لە دامەزراوە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی ناوخۆ مامەڵەی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ئەنجام بدەن.
یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق نوسراوێکی فەرمی لە بارەی بڕیارە نوێێەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ کردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، دەقی بڕیارەکان بۆ دۆزینەوەی باشترین ئامڕازەکانی خزمەتگوزاری
و کەمکردنەوەی تێچووەکانی هاوڵاتیانە لە زۆربەی کەرتەکان و بڕیارەکان بریتین لە :
یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکانی پشکنینی توندوتۆڵی ئۆتۆمبێل کە
نرخی
هەر پشکنینێک ٣٠ هەزار دینارە.
دووەم: هەڵوەشاندوەی گرێبەستی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لەگەڵ
وەزارەتی ناوخۆ و بۆ ئەم مەبەستەش ئەو کەسانەی دەیانەوێت مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن دەتوانن
مامەڵە و پشکنینە جەستەیەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ ئەنجامبدەن.
سێیەم: هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کۆمپانیای سندوقی شەهیدانی پۆلیس بەڕێوەبەرایەتی
هاتووچۆ کە نرخی یەک مامەڵە لەم کۆمپانیایە ٣٥ هەزار دینارە.
چوارەم: حەواڵە کردنی ئەو باج رسوماتەی بە بڕیاری سەرۆکایەتی کۆماری ژمارە
٤٠ی ساڵی ٢٠١٥ لە کاتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و گۆڕینی ناوی خاوەنداری ئۆتۆمبێل لە
هاوڵاتیان وەردەگیرێت بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و شارەوانی پارێزگاکان بە مەبەستی
بەکارهێنانی لە نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان.
پێنجەم: راسپاردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ بۆ توندکردنەوەی رێکار و
مەرجەکان لەسەر وێستگەکانی قەپانی ئۆتۆمبێل، چونکە کاریگەری نەرێنییان لەسەر رێگا
و بانەکان هەیە.
شەشەم: گەشەپێدان بە تواناکانی کادر و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ
و وەزارەتی ناوخۆ کە شێوازی خزمەتکردنیان لە سەربازیەوە گۆڕدراوە بۆ مەدەنی و دەوامکردنیان
بە شێوەی بەیانیان و ئێواران دەبێت.
حەوتەم: سوود وەرگرتن لە بەشی تۆمارکردن و سەرپێچی لە بەڕێوەبەرایەتی
هاتووچۆ و هەماهەنگیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ دابینکردنی پێویستییە تەکنیکییەکان
و پێدوایستی رۆژانە بۆ کارکردن بەبێ وەستان بە پاساوی نوێکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان
و دیاریکردنی رێژەیەک لە داهاتی وەزارەی ناوخۆ بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢٣.
هەشتەم: کۆتایی هێنان بە دیاردەی عەریزەنووسەکانی دەوروبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی
هاتووچۆ بە شێوەیەکی یەکجاری تاوەکو سەرجەم مامەڵە و فۆرمەکان لەلایەن ئەفسەر و
کارمەندی ناو بەڕێوەبەرایەتییەکان ئەنجامبدرێن.