سەردێڕ:

بە فەرمی دەستگیركردنی عەجاج تكریتی راگەیەندرا

PM:04:48:01/08/2025

4156 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە فەرمی دەستگیركردنی دڕندەیەکی شاڵاوی ئەنفالی راگەیاند.


ئەمڕۆ هەینی یەکی ئابی ٢٠٢٥، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانیان دوای زیاتر لە شەش مانگ لە بەدواداچوون، توانییان یەكێك لە تاوانبارانی سەردەمی رژێمی بەعس بەناوی عەجاج حەردان تكریتی، ناسراو بە (حەجاجی نوگرەسەلمان) دەستگیر بكەن.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دەستگیركردنی ئەو تاوانبارە لەلایەن تیمەكانی دەزگای ئاسایشی لە پارێزگای موسەننا و بەهاوكاری ئاسایشی باشووری سەڵاحەدینەوە بووە، كە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا ئەفسەری ئاسایشی گرتووخانەی نوگرە سەلمان بووە و چەندین پۆستی دیكەشی پێدراوە، لەوانە: ئەفسەری كەرتەكانی رومێسە، نەجمی، هیلال، پارێزگای موسەننا، بەسییە و دواتریش ئەفسەری كەرتی نوگرە سەلمان. 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم تاوانبارە لە سەردەمی رژێمی دیكتاتۆریدا، بەشداریی لە زنجیرەیەك تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی كردووە، لەوانە پرۆسەی لەسێدارەدان و لەگۆڕنانی قوربانیانی ئەنفال لەدژی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد كە بە زۆرەملێ راپێچی سنووری پارێزگای موسەننا كرابوون و لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان تاوانی كوشتن و ئەشكەنجەدان و دەستدرێژی لەدژیان ئەنجامدابوو.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، كەسوكاری ئەو تاوانبارە بە ئامانجی چەواشەكردنی دەزگا ئەمنییەكان، دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردەوە كە عەجاج دەمێكە گیانی لەدەستداوە، بەڵام دواجار شوێنی خۆحەشاردانەکەیان لە سنووری پارێزگای سەڵاحەین دۆزیوەتەوە و دوای تەواوكردنی رێكارە دادوەرییەكان و تۆماركردنی وتەی قوربانیان و داواكارانی مافی كەسیی، پرۆسەی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە جێبەجێكرا و رادەستی لایەنی لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند كرا بەمەبەستی تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان لەدژی.














گەلەری