سەردێڕ:

نرخی دۆلار بەرزترین ئاستی ١٠ رۆژی رابردووی تۆمارکرد

AM:10:01:10/01/2023

51580 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی دراودا لە شاری سلێمانی، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی گەیشتە ١٥٩ هەزار و ٤٠٠ دینار و لە بازاڕەکانی هەولێریش گەیشتە ١٦٠ هەزار دینار.


ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی دراوەکانی هەرێم نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی گەیشتە ١٦٠ هەزار دینار، ئەمەش لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا کەمتر لەو نرخە و لە ١٥٧ هەزار دیناردا مامەڵەی پێوە دەکرا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، نرخی دۆلار ماوەی مانگێکە ناجێگیرە و بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە، بەڵام لە رۆژی ٢٨ی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو، جۆرێک لە دابەزینی بەخۆیەوە بینی و نزمبووەوە بۆ ١٥١ هەزار دینار، بەڵام جارێکی دیکە لەدوای ٣ی ئەم مانگەوە دەستی بە بەرزبوونەوە کردەوە.

دوای بەرزبوونەوەکەی، دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی لوتکەی نرخەکەی ١٦٠ هەزار دینار بوو بەرامبەر بە ١٠٠ دۆلار، هەرچەندە بەشێک لە شارەزایانی دراو باسیان لەوە دەکرد پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتریش دەکەن.

بانکی ناوەندی عێراق و حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی بەردەوام لێدوانەکانیان بەو ئاڕاستەیەی کە کۆنترۆڵی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بکەن کە کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر هاوڵاتیان و نرخەکەی بگێڕنەوە بۆ نرخی فەرمی خۆی کە ١٤٧ هەزار دینارە، بەڵام تا ئێستا بەو ئامانجە نەگەشتوون.

شارەزایانی دراو باس لەوەش دەکەن، سەرەڕای بەرزی یەدەگی دۆلاری عێراق کە بە گوێرەی دواین لێدوانی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ٩٩ ملیاری تێپەڕکردووە و بەم نزیکانە ١٠٠ ملیاریش تێپەڕدەکات، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە و سەربەخۆنەبوونی دارایی عێراقەوە، نرخی دراوی عێراق لە دەرەوەی وڵاتەوە یاری پێ دەکرێت.













گەلەری