نوسینگەی رۆژنامەنوسی سەرۆکی ماوەبەسەرچووی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، سەرۆکی حکومەت و نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا جەختیان کردووەتەوە لەسەر رێزگرتن و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان و دانانی سنورێک بۆ بۆردومانکردن و هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەمرۆ پێنجشەممە، نووسینگەی رۆژنامەنوسی مەسرور بارزانی سەرۆکی ماوەبەسەرچووی حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، مەسرور بارزانی پێشوازیی کرد لە جێنین ھێنیس پلاسخارت لە نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و کۆبوونەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە
کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی عێراق، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، هەروەها
گرنگیی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم و حکومەتی
فیدراڵیی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ کران.
راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت
کراوەتەوە لە رێزگرتن و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها
سنووردانان بۆ بۆردومانکردن و هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، ئێران لە رێگەی مووشەک و درۆنی
خۆکوژییەوە چەند هێرشێکی بۆ سەربنکە و بارەگەکانی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی
ئەو وڵاتەی لەناو خاکی هەرێم ئەنجامدا و بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس کوژران و
برینداربوون.
هەروەها، تورکیاش لە رێگەی ئاسمانییەوە بۆ سەر بنکە وبارەگاکانی پارتی
کرێکارانی کوردستان هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کورستان و رەجەب
تەیب ئەردۆغانیش سەرۆکی ئەو وڵاتە ریگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرشی زەمینی
بۆ رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن.
هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان کاردانەوەی ناوخۆیی و
دەرەکی لێکەوتەوە و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری
عێراق وەسفکران.