وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر عێراق هێرشی دوژمنکارانەو بەزاندنی سەروەری عێراق و سوودی خراپ وەرگرتنە لە بارودۆخی عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ماڵپەڕی سکای نیوزی راگەیاند، هێرشەکانی ئێران هێرشی دوژمنکارانەو بەزاندنی سەروەری عێراق و سوودی خراپ وەرگرتنە لە بارودۆخی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کارە دوژمنکارانەی ئێران
کاریگەری خراپیان دەبێت لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لە راگەیەندراوێکدا
بەتوندی و بەکارهێنانی دەستەواژەی زبر سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کردووە کە یەکەمجار
لەڕێگەی تۆپی دوورهاوێژ و دواتریش بەکارهێنانی مووشەکی بالیستییەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
و بووەهۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس.
ئەحمەد سەحاف باسی لەوەشکردووە، بەهۆی هێرشەکانەوە
باڵیۆزی ئێران بانگهێشت کراوە و راگەیەنراوێکی توندی بەزمانێکی زبر پێدراوە لە
حکومەتی عێراقەوە بۆ حکومەتی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بەو کردەوە توندوتیژانە لەرێگەی
گرتنەبەری رێکاری دیبلۆماسییەوە.
وتیشی، ئەو جۆرە کردەوانە دەبێتەهۆی تێکدانی
ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا و ناوخۆی عێراق لە رووی ئاسایشەوە هەستیارتر دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی هەفتەیەکە بۆردوومانی ئێران
بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم بەردەوامی هەیە و دوێنێ چوارشەممە بە چڕی بۆردوومانی چەندین
ناوچەی هەرێمی کرد و بەگوێرەی قسەی بەرپرسێکی سوپای پاسداران زیاتر لە ٧٣ موشەکی
بالیستییان ناوە بە بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە هەرێمی
کوردستان.
هاوکات، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە
هێرشەکانی دوێنێی ئێراندا ١٣ کەس شەهید بوون و ٥٨ کەسیش برینداربوون.
هێرشەکان لەسەر ئاستی ناوخۆی و دەرەوەش کاردانەوەی
بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.