سەردێڕ:

هۆکاری خۆڵبارین چییە و بۆچی کاریگەرییەکانی زیادبوون؟چۆن خۆت دەپارێزیت؟

PM:03:32:22/05/2022

15024 جار خوێندراوەتەوە

خۆڵبارین کردەیەکە بەهۆی باوە دروست دەبێت و لەو ناوچانەی کە وشکن و ئاستی باران بارین تێیاندا لاوازە لە ئەنجامی راماڵینی ھەوای خاک و ھەڵواسرانی دەنکۆڵەکانی خاک یان پیسکەرە سروشتی و مرۆییەکان لە ھەوادا بە بەرزی نزیکەی ١.٥ کیلۆمەتر لە رووی زەوییەوە روو دەدات.


خۆڵبارین یەکێکە لەو دیاردانەى کە هەندێکجار سروشتییە و هەندێک جاریش کردەییە کە لە ئەنجامى کارە نا تەندروستیەکانى مرۆڤەوە دروست دەبێت.

هۆکارە سەرەکییە سروشتییەکانی دروستربوونی خۆڵبارین دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری کەشوهەوا و کەمی بارانبارین و وشکبوونەوەی ناوچەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی ماددە ئۆرگانییەکان و ئەوەش وا دەکات خاکەکە بە ئاسانی لەلایەن بایەکەوە بگوازرێتەوە.

ئەم دیاردەیە بەهۆى راماڵینی خاکەوە دروستدەبێت بە هێزى با و دواتر دەنکۆڵەکانى خاک بەرزدەبنەوە بۆ بەرگە هەواى زەوی و تا زیاتر لە دوو کیلۆمەتر لە رووی زەوییەوە. کە بۆ روودانی بە شێوەیەکى سروشتى پێویستە خێرایى با زیاتر بێت لە ٢٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

مەترسییەکانی خۆڵبارین چین؟

جگە لەوەى کە خوڵبارین هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەى رادەى بینین، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرى زۆرى هەیە لەسەر هاوسەنگى نێوان تیشکى خۆر وتیشکى زەوى و کوالێتى هەوا بە تەواوەتى دەگۆرێت، چونکە کاریگەرى زۆرى لەسەر رێژەى ئۆکسجین دەبێت و لەلایەکى ترەوە، بەهۆى وردى دەنکۆڵەکانى خۆڵبارینەوە کە بە شێوەیەکى راستەوخۆ دەنیشنەوە سەر گەڵاى دارو رووەک و بەروبومە کێڵگەیەکان و دەبێتە هۆى داخستنى ملولەى سەر گەڵاى دارەکان و دەبێتە هۆى پەکخستنى کردارى رۆشنەپێکهاتن و دواتر وەرینى گەڵاى دارەکان و کەمکردنەوەى بەرهەمى کشتوکاڵى لە بەروبومە کێڵگەییەکان.

کاریگەرییەکانی خۆڵبارین لەماوەی ئەم چەند ساڵەی کۆتایی و ئەمساڵ بەتایبەتی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر بووە و چەند پسپۆڕێکیش باسیان لەوەکردووە، دروستکردنی بەنداوەکان لە ئێران و تورکیا لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و هەرێمی کوردستان وای کردووە وشکەساڵی و دیاردەی بەبیابانبوون لە عێراقدا زیادبکات.

خۆڵبارین لەوانەیە سییەکان پڕبکاتەوە و توشی هەوکردنییان بکات، لە نیشانە باوەکانیشی ئازاری سنگ و کۆکە و تا لێهاتن و ئەستەمی هەناسەدانە.

زۆرکات گەردیلەکانی خۆڵ دەچنە ناو چاوەوە، ئەمەش لەوانەیە زیان بە چاوەکان بگەیەنێت و کۆرینەی چاو بریندار بکات و کەسەکە نارەحەت بکات.

چۆن خۆت لە خۆڵبارین دەپارێزیت؟

باشترین رێگە بۆ خۆپاراستن لە خۆڵبارین مانەوە لە ماڵ و داخستنی دەرگا و پەنجەرەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانی ماسک بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی پەیوەست بە سییەکان و کۆئەندامی هەناسەیان هەیە تەنانەت ئەگەر لە ماڵیشەوە بن، لەگەڵ بەکارهێنانی ماسک بۆ کەسانی ئاسایی ئەگەر پێویستی کرد بچنە دەرەوە.

یەکێکی دیکە لە رێگەکان خواردنی ئەو خۆراکانەیە کە سیستەمی بەرگری جەستە بەهێزدەکەن، وەک ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامینەکانی C و E و بێتا کارۆتین کە لە سەوزەواتەکان و بادەم و گێزەر و زۆری تریشدا بوونیان هەیە.

هـ.ئـ













گەلەری