سەردێڕ:

روونکردنەوەیەک لە وەزیری دارایی هەرێمەوە لەسەر موچە پاشەکەوتکراوەکان

AM:08:57:07/08/2021

37196 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى دارایی هەرێم رایگەیاند، موچەى پاشەکەوتکراوى فەرمانبەران وەک قەرز لاى حکومەت دەمێنێتەوە و لەهەوڵیشدان بۆ ئەوەى پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە.


ئاوات جەناب وەزیرى دارایی و ئابوری هەرێم بە میدیاى فەرمی گۆڕانی راگەیاند، موچەى پاشەکەوتکراو سروشتێکى یاساییان پێداوە وەکو شایستەى نەدراو دایانناوە بۆ ئەوەى وەک قەرز لاى حکومەت بمێنێتەوە.

 وەزیرى دارایى وتیشى، زیادکردنی داهاتی ناوخۆ، بەردەوام بونی موچە زامن دەکات و ئەگەر ناردنى پارەکەى بەغدا نەبووایە نەماندەتوانى مووچەى تەواوەتى فەرمانبەرانى هەرێم بدەین.

هیواشى خواست کە ناردنى پارەکە لە بەغداوە بەردەوام بێت بۆئەوەى بتوانن مووچە بەبێ لێبڕین دابەش بکەن.

سەبارەت بە دیاردەى قاچاخچێتى لە دەروازە سنورییەکان، وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان رونیکردەوە کە لێبوردنى گومرگییان نەهێشتووە و بەوەش قاچاخچێتى کەمى کردووە.

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە لەمەودوا ئاسایش هاوکارى جدى دەبن بۆ رێگریکردن لە قاچاخچێتى.

وەزیرى دارایى باسى لە نەناردن و بڕینى بودجەى هەرێمى کوردستان کرد لەلایەن حکومەتى عێراقەوە و لەو بارەیەوە وتى، ئەو دۆخەی عێراق بەسەر هەرێمدا سەپاندوویەتی من ناومناوە "سیاسەتی برسیكردن"

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەبێ پارەکەی بەغدا ناتوانن بڕە پارەی پێویست بۆ موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم دابین بکەن چونکە بۆ دابینکردنی موچە مانگانە پێویستیان بە ٨٩٥ ملیار دینارە، ئەوەش لەسەروو توانای هەرێمەوەیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەساڵى ٢٠١٦ەوە حکومەتى هەرێم بە نایاسایی پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى راگرتووە، هاوکات، ١٢ موچەى فەرمانبەرانى بە تەواوى نەداوە و ٣٤ موچەى بە پاشەکەوت و ١٠ موچەشى بە لێبڕینەوە دابەشکردووە.

سەربارى زیادبوونى داهاتى نەوتى و نانەوتى لە هەرێمیش لە سەرەتاى ئەمساڵەوە، بەجۆرێک بەشى دوو موچە دەکات، حکومەتى هەرێم تەنها دوو مانگ پێش هەڵبژاردن لێبڕینى موچە هەڵگرت.













گەلەری