ریاڵ مەدرید ئەستێرەیەک لەپێناو ئینزۆ دەکاتە قوربانی

PM:08:28:03/04/2026

104 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ریاڵ مەدرید کاماڤینگا لەپێناو ئینزۆ دەکاتە قوربانی و یانەی چێڵسیش سزای یاریزانەکەی داوە بەهۆی لێدوانەکانی لەبارەی مەدرید.

ئینزۆ فێرناندێز، یاریزانی هێڵی ناوەندی یانەی چێڵسی و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، ئارەزووی خۆی نیشانداوە بۆ ئەوەی لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوودا پەیوەندی بە ڕیزەکانی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانییەوە بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە یانە مەدریدییەکە بەدوای یاریزانێکی نوێدا دەگەڕێت بۆ ڕێکخستنەوەی هێڵی ناوەندی تیپەکەی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕادیۆ مارکای ئیسپانی، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەم گرێبەستەدا ئەو نرخە بەرزەیە کە یانەی چێڵسی بۆ دەستبەرداربوون لە ئینزۆ داوای دەکات.

لەو پێناوەدا، کارگێڕی ڕیاڵ مەدرید بیر لەوە دەکاتەوە کە بودجەی ئەم گرێبەستە لە ڕێگەی فرۆشتنی چەند یاریزانێکەوە دابین بکات، کە دیارترینیان ئێدواردۆ کاماڤینگای فەڕەنسییە.

ئەم یاریزانە لەم وەرزەدا لەژێر سەرپەرشتی ئالڤارۆ ئەربێلوای ڕاهێنەردا، نەیتوانیوە وەک پێویست ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و چاوەڕوانییەکان بەدی بهێنێت.

ئاماژە بەوەش دراوە، کە ئەگەر یانەی چێڵسی نەگاتە وەرزی داهاتووی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا، ئەوا پڕۆسەی گواستنەوەی ئینزۆ بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئاسانتر دەبێت.

لە نوێترین پێشهاتیشتدا، بی بی سی سپۆرت ئاشکراییکردووە، یانەی چێڵسی بڕیاریداوە ئینزۆ فێرناندێز بۆ دوو یاری ڕابگرێت بەهۆی لێدوانەکانی سەبارەت بە ریاڵ مەدرید، ئینزۆ یارییەکی جامی یەکێتی ئینگلتەرا و لە یاری مان سیتی لە پریمەر لیگ بەشداری ناکات.