گاتوزۆ: هەست بە بێ هیوایی دەکەم

PM:03:48:01/04/2026

44 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گاتوزۆ دوپاتیکردەوە هەست بە بێ هیواییەکی زۆر دەکات و داهاتووشی لە ئێستادا هیچ گرنگییەکی نییە.

جینارۆ گاتوزۆی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا داوای لێبووردنی لە هاندەرانی وڵاتەکەی کرد دوای ئەوەی بۆ سێیەم جاری لەسەریەک نەیانتوانی سەرکەوتن بۆ مۆندیال بەدەستبهێنن و راشیگەیاند، یاریزانەکانی شایستەی ئەم ئەنجامە نەبوون و بەوپەڕی سۆز و خۆڕاگرییەوە جەنگان بۆ گەیشتن بە مۆندیال.

راهێنەرە ئیتاڵییەکە بە خەمبارییەوە باسی لەوە کرد کە ئەم شکستە ئازارێکی زۆری هەیە و وەک ئەوە وایە خوێن لە جەستەیدا نەمابێت چونکە گەیشتن بە مۆندیال بۆ وەرزشی وڵاتەکەیان زۆر گرنگ بوو.

سەبارەت بە بڕیارەکانی ناوبژیوان و کارتی سوورەکەش گاتوزۆ نەیویست بیانوو بهێنێتەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە تۆپی پێ هەوراز و نشێوی تێدایە و دەبێت راستییەکان قبووڵ بکرێن هەرچەندە قورسیش بن.

راهێنەرەکە جەختیشی کردەوە، لە ئێستادا باسی داهاتووی خۆی وەک ڕاهێنەر گرنگ نییە و ئەوەی جێگەی داخە تەنها بێبەشبوونی ئیتاڵیایە لە جامی جیهانی.

وتیشی: هەست بە بێهیواییەکی گەورە دەکەم و تەنها دڵخۆشیم ئەوەیە کە یاریزانە گەنجەکان هەموو توانایەکی خۆیان لە ناو یاریگادا بەکار هێناوە بەڵام بەداخەوە بەخت یاوەریان نەبووە و نەیانتوانی ئەو گرێ کوێرەیەی نەگەیشتن بە مۆندیال بکەنەوە.