بەرشەلۆنە سێ ملیۆن یۆرۆی یۆرۆی بۆ گەڕایەوە سەبارەت بە دۆسییەی کۆندی

PM:11:51:23/03/2026

244 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرشەلۆنە لە دادگا سەرکەوتنی بەسەر تۆتۆملۆی بریکاری یاریزانان بەدەستهێنا و سێ ملیۆن یۆرۆی پێنادات سەبارەت بە دۆسییەی کۆندی.

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی سەرکەوتنێکی یاسایی گرنگی لە دادگا بەدەستهێنا دوای ئەوەی دادگای بەرشەلۆنە ئەو داواکارییەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن بریکارێکی یاریزانانەوە پێشکەشکرابوو بۆ وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆر وەک سەرانەی گواستنەوەی ژول کۆندێی بەرگریکاری فەڕەنسی.

چیرۆکی کێشەکە بۆ داواکارییەکی ئیسحاق تۆتۆملۆی بریکاری یاریزانان دەگەڕێتەوە کە داوای سێ ملیۆن یۆرۆی لە کارگێڕی بەرشەلۆنە دەکرد بەو پێیەی رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە ڕازیکردنی کۆندێ بۆ پەیوەندیکردن بە کامپ نۆ لە هاوینی 2022 و ڕەتکردنەوەی ئۆفەرەکەی یانەی چێڵسی ئینگلیزی.

بەڵام دادگا رایگەیاند کە بەڵگەی پێویست نییە بیسەلمێنێت رێککەوتنێکی فەرمی یان رەزامەندییەکی راستەوخۆی یانەکە هەبووبێت بۆ دەستوەردانی ئەو بریکارە لە گفتوگۆکاندا.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل پێریۆدیکۆ دی کاتالۆنیا، دادگا ئەو نامانەی کە بریکارەکە لە رێگەی ئیمەیڵ و واتسئاپ بۆ بەرپرسانی پێشووی یانەکە وەک ماتیۆ ئەلیمانی و ریمۆن بلانس و تەنانەت چاڤی هێرناندێز و خوان لاپۆرتا ناردبوونی بە گرێبەستێکی پابەندکەر دانەناوە و تەنها وەک پەیوەندییەکی ئاسایی لێی ڕوانیوە.

هەرچەندە تۆتۆملۆ ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە پێشتردا لە گواستنەوەی لوک دی یۆنگیشدا هاوکاری یانەکەی کردووە بەڵام دادگا جەختی کردەوە کە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسان بە واتای بوونی راسپاردەیەکی فەرمی نایەت و بۆیە داواکارییە سێ ملیۆن یۆرۆییەکەی رەتکردەوە.

لە بەرامبەردا بریکارەکە ڕایگەیاندووە کە کۆڵ نادات و تێهەڵچوونەوە بۆ بڕیارەکە دەکات چونکە پێی وایە دادگا بەڵگە بەهێزەکانی پشتگوێ خستووە و دەیەوێت لە قۆناغی داهاتوودا جەولەیەکی نوێی ململانێی یاسایی بەرامبەر یانە کەتەلۆنییەکە دەست پێ بکاتەوە.