PM:07:49:17/03/2026
252 جار خوێندراوەتەوە
+
-
بەهۆی ساختەکارییەوە چەند سزایەکی قورسی هەڵبژاردەی
مالیزیا درا و لە پاڵاوتنی ئاسیاش دوورخرانەوە.
ئابڕووچوونێکی گەورە و دەنگدانەوەیەکی بێوێنە
جیهانی وەرزشی لە کیشوەری ئاسیا هەژاند، دوای ئەوەی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا
سزایەکی یەکجار توندی بەسەر هەڵبژاردەی مالیزیادا سەپاند بەهۆی ساختەکردنی رەگەزنامەی
یاریزانەکانیان.
ئابڕووچوونەکە کاتێک ئاشکرا بوو کە دادگای وەرزشی
لێکۆڵینەوەیەکی وردی ئەنجامدا و دەرکەوت فیدراسیۆنی تۆپی پێی مالیزیا کۆمەڵێک
یاریزانی پیشەگەری هێناوە و بەڵگەنامەی فەرمیی بۆ ساختە کردوون تاوەکو بیسەلمێنن
کە ڕەچەڵەکیان مالیزییە، بەڵام دادگا جەختی کردەوە کە ئەو یاریزانانە هیچ
پەیوەندییەکی خزمایەتی یان جیناتیان بەو وڵاتەوە نییە و ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی
یاساکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێیە.
لەنێو ئەو یاریزانە تێوەگلاوانەدا ناوی
بەرگریکاری یانەی ئالاڤێسی ئیسپانی فاکۆندۆ گارسیس دەبینرێت کە دەرکەوتووە بە
بەڵگەنامەی ساختە کراوەتە مالیزی.
سزاکانی
یەکێتیی ئاسیا زۆر قورس بوون و تەواوی کاروانی هەڵبژاردەکەی لە پاڵاوتنەکاندا
لەناو برد، بەجۆرێک ئەنجامی یارییەکانی بەرامبەر نیپاڵ کە بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر
بردبوویەوە و یارییەکەی ڤێتنام کە بە چوار گۆڵی بێ بەرانبەر سەرکەوتنی تێدا
هێنابوو، هەموویان گۆڕدران بۆ دۆڕان بە ئەنجامی سفر بە سێ گۆڵ و بەمەش هیوای
سەرکەوتنیان نەما و هەڵبژاردەی ڤێتنام لە شوێنی ئەوان سەرکەوت.
جگە لەم سزایانە، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ
غەرامەیەکی دارایی گەورەی بە بڕی زیاتر لە 444 هەزار دۆلار بەسەر مالیزیادا سەپاند
و ئەنجامی یارییە دۆستانەکانیشی بەرامبەر فەلەستین و سەنگاپوورە و کەیپ ڤێرد هەڵوەشاندەوە،
هەروەها ئەو حەوت یاریزانەی تێوەگلابوون بۆ ماوەی یەک ساڵی تەواو لە هەر
چالاکییەکی وەرزشی ڕاگرت و فیدراسیۆنی وڵاتەکەشی بە بڕی پەنجا هەزار دۆلاری تر
غەرامە کرد.