AM:05:55:16/03/2026
224 جار خوێندراوەتەوە
+
-
خوان لاپۆرتا جارێکی تر و تا ساڵی 2031 بووەوە بە سەرۆکی بەرشەلۆنە و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا
خوان لاپۆرتا توانی سەرکەوتنێکی گەورە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی بەرشەلۆنە بۆ ساڵی 2026 بەدەستبهێنێت دوای ئەوەی ڕکابەرە سەرەکییەکەی ڤیکتۆر فۆنتی تێپەڕاند و سەرۆکەکەی پێشووی یانەکە ڕێژەی سەدا 68ی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە دەکاتە 32,934 دەنگ لە بەرامبەردا فۆنت تەنها سەدا 29ی دەنگەکانی بردەوە.
پرۆسەی دەنگدانەکە بە بەشداریی 48,440 ئەندام بەڕێوەچوو کە بە چوارەم بەرزترین ڕێژەی بەشداریی گشتی لە مێژووی یانەکە دادەنرێت و ئەم سەرکەوتنە متمانەی ئەندامانی یانەکە بە پڕۆژە وەرزشی و داراییەکەی لاپۆرتا نیشان دەدات کە ئێستا ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تا ساڵی 2031 درێژ دەبێتەوە
ڕۆژی هەڵبژاردن هاوکات بوو لەگەڵ سەرکەوتنی گەورەی بەرشەلۆنە بەسەر یانەی سێڤییا بە ئەنجامی پێنج گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ و هانز فلیک راهێنەری تیپەکە و کۆمەڵێک لە ئەستێرە دیارەکانی وەک پێدری و گاڤی و ئاراوخۆ و ڕافینیا و پاو کۆبارسی بەشدارییان لە دەنگدانەکەدا کرد و هەروەها سێرخیۆ بوسکێتس کاپتنی پێشووی یانەکە ئامادەبوو.
لاپۆرتا لە کاتێکی هەستیاردا دەستبەکار دەبێتەوە و گرنگترین ئەرکەکانی لەم قۆناغەدا بریتین لە تەواوکردنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگای کامپ نو تا ساڵی 2028 و چاککردنی باری دارایی و کەمکردنەوەی قەرزەکان و گەڕانەوە بۆ یاسای یە بە یە لە خولی ئیسپانی بۆ ئاسانکاری لە کڕینی یاریزانی نوێ.
وە ئەم سەرکەوتنە نەک تەنها بۆ لاپۆرتا بەڵکو بۆ دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی و هانز فلیک وەک پاڵپشتییەکی بەهێز دەبینرێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو ئاستە بەرزەی کە یانەکە لە ئێستادا پێشکەشی دەکات و هەنگاونان بەرەو سەقامگیری زیاتر.