کلۆپ رەتیکردووەتەوە بچێتە ریاڵ و لە بەرامبەردا دانووستانی لەگەڵ رکابەرەکەی کردووە

PM:03:30:05/03/2026

228 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کلۆپ رەتیکردووەتەوە ببێتە راهێنەری ریاڵ مەدرید و لە بەرامبەردا دانووستانی لەگەڵ ئەتلەتیکۆ دەستپێکردووە.

پێپێ ئیسترادای رۆژنامەنووسی بەناوبانگ لە ڕێگەی بەرنامەی ئێل چێرینگیتۆوە سوپڕایزێکی گەورەی تەقاندەوە و وەرچەرخانێکی دراماتیکی لە داهاتووی راهێنەری ئەڵمانی، یۆرگن کڵۆپ، ئاشکرا کرد.

بەپێی زانیارییەکانی ئیسترادا، کڵۆپ زلەیەکی بەهێزی لە یانەی ریاڵ مەدرید داوە و ئەو پێشنیازەی رەتکردووەتەوە کە ببێتە جێگرەوەی ئەلڤارۆ ئاربێلۆ لە هاوینی داهاتوودا، لەبری ئەوە ڕاهێنەرە ئەڵمانییەکە چووەتە ناو دانوستانێکی زۆر پێشکەوتوو لەگەڵ دراوسێ و ڕکابەرە سەرسەختەکەی شاهانە، کە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدە.

ئیسترادا ئاماژەی بەوە کردووە کە مارک ڕوان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپۆلۆ سەرپەرشتی دانوستانەکان دەکات و دەیەوێت بە هێنانی کڵۆپ، ئەتلەتیکۆ بگەیەنێتە ئاستێکی نوێی جیهانی.

رۆژنامەنووسەکە روونیکردووەتەوە، کاتێک کلۆپ لە ئەڵمانیا بووە بایرن میونخی هەڵنەبژاردووە و چووەتە دۆرتموند، لە ئینگلتەراش مانچستەر سیتی هەڵنەبژاردووە و لایەنگری لیڤەرپوولی کردووە، چونکە ئەو ئاشقی ئەو جۆرە تەحەدایانەیە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان جەخت لە ڕۆیشتنی دییگۆ سیمۆنی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا دەکەنەوە و باس لەوە دەکرێت ناوبراو ڕێککەوتووە بۆ وەرگرتنی ڕاهێنەرایەتی ئینتەر میلان.

هاوکات ڕۆژنامەی زاڵزبۆرگەر نیوزی نەمساوی ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمپانیای ڕێد بوڵ لە کارەکانی کڵۆپ وەک بەڕێوەبەری گشتی تۆپی پێ ڕازی نین، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی خێرای بۆ سەر کورسی ڕاهێنەرایەتی.