خولی سعودیە.. نەسڕ بردنەوەی بەسەر شەباب بەدەستهێنا

PM:11:06:17/01/2026

476 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی سعودیە نەسڕ بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بردنەوەی بەسەر شەباب بەدەستهێنا.

لە یارییەکەی هەفتەی 16ی خولی سعودیە، یانەی نەسڕ لە نێو یاریگای ئەول پارک پێشوازی لە شەباب کرد.

تایمی یەکەم، دوای دوو خولەک سەعد بلعەبیدی بەرگریکاری شەباب بە هەڵە گۆڵی لە خۆیان تۆمارکرد و نەسڕی پێشخست، ئەم گۆڵە گڕوتینی بە یاریزانەکانی نەسڕ بەخشی و شەش خولەک دواتر رۆناڵد کۆمان بە لێدانێکی دەبڵ کیکی نایاب گۆڵی دووەمیشی تۆمارکرد.

شەباب رێگەی نەدا ئەو تایمە بەو ئەنجامە کۆتاییبێت و لە خولەکی 31 لە ئەنجامی فشارەکانیان سیماکانی بەرگریکاری نەسڕ بە هەڵە گۆڵی یەکەمی شەبابی نوسییەوە، نیوەی یەکەمیش بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتاییهات.

لە تایمی دووەم، دوای تێپەڕینی هەشت خولەکی کارلۆس جونیۆر گۆڵی یەکسانبوونی بۆ شەباب لە دژی نەسڕ تۆمارکرد، بەڵام لە خولەکی 67 هەمان یانە تواناکانی ڤینسێنت سیرۆی بەهۆی کارتی سورەوە لەدەستدا.

نەسڕ سودی لە کەمی یاریزانەکانی شەباب وەرگرت و لە خولەکی 76 عەبدولرەحمان غەریب گۆڵی سێیەمی یانەکەی هێنایە بەرهەم.

سەرەنجام یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە سودی نەسڕ کۆتاییهات، بەم ئەنجامە یانەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە کۆکردنەوەی 34 خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندیی گرتووە.