خۆڵبارین کردەیەکە بەهۆی باوە دروست دەبێت و لەو ناوچانەی کە وشکن و ئاستی باران بارین تێیاندا لاوازە لە ئەنجامی راماڵینی ھەوای خاک و ھەڵواسرانی دەنکۆڵەکانی خاک یان پیسکەرە سروشتی و مرۆییەکان لە ھەوادا بە بەرزی نزیکەی ١.٥ کیلۆمەتر لە رووی زەوییەوە روو دەدات.
عەبدولموتەڵیب رەفعەت مامۆستای زانکۆ لە بەرنامەی ناڤینی رۆژی ئێن ئاڕ تی، ئاماژەی بەوەکرد، خۆڵبارین یەکێکە لەو دیاردانەى کە هەندێ جار سروشتییە و وهەندێ جاریش کردەییە کە لە ئەنجامى کارە نا تەندروستیەکانى مرۆڤەوە دروست دەبێت.
روونیشیکردەوە، هۆکارە سەرەکییە
سروشتییەکانی دروستربوونی خۆڵبارین دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری کەشوهەوا و کەمی
بارانبارین و وشکبوونەوەی ناوچەکان وبەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی مادە ئۆرگانییەکان
و ئەوەش وا دەکات خاکەکە بە ئاسانی لەلایەن بایەکەوە بگوازرێتەوە.
باسی لەوەشکردووە، ئەم دیاردەیە
بە هۆى راماڵینی خاکەوە دروست دەبێ بە هێزى با و دواتر دەنکۆڵەکانى خاک بەرز دەبنەوە
بۆ بەرگى هەوایى و تا زیاتر لە دوو کیلۆمەتر لە رووی زەوییەوە. کە بۆ روودانی بە شێوەیەکى
سروشتى پێویستە خێرایى با زیاتر بێت لە ٢٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خۆڵبارینانەنی
لە هەرێمی کوردستان روودەدەن، زیاتر لە بیابانەکانەوە
سەرچاوە دەگرن وەکو بیابانى عەرەبى و بیابانى خۆرئاواى عیراق وهەندێ جاریش لە بیابانى
ئەفریقیاوە.
دەشڵێت، "هەندێک جاریش، لە زەوییە کشتوکاڵیەکانیشەوە دروست دەبێت. ئەو
زەوییانەى کە دەکەونە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکانەوە و کە بە هۆى کەمى روپۆشى رووەکى
و کەم بارانى وبەرزى پلەکانى گەرمیەوە مادەى ئۆرگانیان زۆر کەممە و خاکەکانیان
لاواز بووە و بە تەواوەتى شى بوەتەوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، جگە لەوەى
کە خوڵبارین هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەى رادەى بینین، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرى زۆرى هەیە
لە سەر هاوسەنگى نێوان تیشکى خۆر وتیشکى زەوى و کوالیتى هەوا بە تەواوەتى دەگورێت
چونکە کاریگەرى زۆرى لە سەر رێژەى ئۆکسجین دەبێت و لەلایەکى ترەوە، بەهۆى وردى دەنکۆڵەکانى
خۆڵبارینەوە کە بە شێوەیەکى راستەوخۆ دەنیشنەوە سەر گەڵاى دارو رووەک و بەروبومە کێڵگەیەکان
و دەبێتە هۆى داخستنى ملولەى سەر گەڵاى دارەکان ودەبێتە هۆى پەکخستنى کردارى رۆشنەپێکهاتن
و دواتر وەرینى گەڵاى دارەکان و کەمکردنەوەى بەرهەمى کشتوکاڵى لە بەروبومە کێڵگەییەکان.