سەردێڕ:

ئایا فراکسیۆنی پارتی ماوەی کاری پەرلەمان درێژدەکاتەوە؟

PM:03:06:05/04/2022

5592 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، رای فەرمی پارتی ئەوەیە هەڵبژاردنی داهاتوو لە کاتی خۆیدا بکرێت و هەرێمی کوردستان نەکەوێتە ناو بۆشایی یاسایییەوە. دەشڵێت، "ئێمە زۆرینەی پەرلەمانی بەکار ناهێنین بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان".


ئەمرۆ سێشەممە، زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، رای فەرمی پارتی ئەوەیە هەڵبژاردنی داهاتوو لە کاتی خۆیدا بکرێت و هەرێمی کوردستان نەکەوێتە ناو بۆشایی یاسایییەوە.

وتیشی، پارتی نایەوێت زۆرینەی پەرلەمانی بەکار بهێنێت بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان.

باسی لەوەشکرد، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە ٢٠١٩ ەوە وادەکەی کۆتایی هاتووە بۆیە ئەم ئاڵۆزیانە لەبارەی هەڵبژاردنەوە دروست بووە و رای پارتیش ئەوەیە وەک ساڵی ٢٠١٣ کۆمیسیۆن لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ هەموار بکرێتەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکراشیکرد، لە پێنج کۆبونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان سەرجەم فراکسیۆنەکان پێیان وابووە نابێ لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کۆمیسیۆن هەموار بکرێتەوە.

دەشڵێت، "لە کۆتا کۆبونەوەدا بەهۆی ئەوەی ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنین لە کاتی خۆیدا و سەرۆکی هەرێم بەرواری ١ی تشرینی یەکەمی بۆ هەڵبژاردنەکان دیاری کردووە و لایەنەکانی حکومەتی راسپاردوە پێداویستییەکان ئامادە بکەن ئێمە دەستپێشخەریمان کرد بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بەوجۆرەی ئەوان دەیانەوێت."

زانا مەلا خالید باسی لەوەشکرد، دوای ئەوەی ئەوان رازی بوون بە پێشنیارەکانی ئەوان، بۆ دروستکردنی کۆسپ لایەنەکانی تری پەرلەمان وتیان کە پێویستە یاسای هەڵبژاردن و دەستوریش هەموار بکرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، "لە کۆتا کۆبونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان رێککەوتین لەسەر ئەوەی بە سازان پرسی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن و دەستور چارەسەر بکەین، بەڵام یەکێتی پێشنیازی پرۆژە یاسایەکی کرد و سازانەکەی پشتگوێخست هەرچەندە ئەو پرۆژەیە زۆرینەی پەرلەمان نیە، بەڵام وەک رێزێک داوامان کرد بیکەنە بەرنامەی کار بەڵام بەداخەوە دانیشتنی پەرلەمانیان پەکخست و پرۆژەیەکی خۆشیان نەخستە دەنگدان."

زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، "لە سەرەتای ئەم خولەوە وتومانە هەرگیز زۆرینەی پەرلەمان بۆ بابەتی سیاسی بەکار ناهێنین، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نیە لایەنێک بتوانێت رای خۆی بسەپێنێت بەسەرماندا و گەلی کوردستان لە مافی خۆیان بێبەشبکات".

وتیشی، داوادەکەن لە چەند رۆژی داهاتوو سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان بانگهێشت بکرێن بۆ کۆبونەوە لەبارەی هەڵبژاردن و ئەوان لارییان نیە لە پرۆژە یاساکانی دەستور و کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردنەکان یەکلایی بکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێبە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رای فەرمی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئەوەیە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و بە هیچ بەهانە و شێوەیەک دوا نەخرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لە رێکەوتی ٢ی ٣ی ٢٠٢٢ پەرلەمانی کوردستان کۆنەبووەتەوە کە دەبوایە چەندین دانیشتنی ساز بکردایە. هەربۆیە جەخت دەکەینەوە بە زوترین کات دانیشتن و کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن بخرێتە بەرنامەی کارەوە.

وتیشی، "لە ئێستادا کێشەی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەیەکمان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان پێشەکەش کردووە و دەمێکە داوامان کردووە کۆمسیۆنی سەربەخۆ پێکبهێنرێت".













گەلەری