سەردێڕ:

وەزیری تەندروستی هۆکاری کەمی دەرمان لە سلێمانی ئاشکرا دەکات

PM:02:48:05/04/2022

8340 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هۆكاری كەمبوونەوەی دەرمان لە بەشێك لە نەخۆشخانەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە پارەی كاش لە بانكەكانی سلێمانیدانیە تا بدرێت بە كۆمپانیاكانی دەرمان.


ئەمڕۆ سێشەممە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، كێشەی كەمی دەرمان لە بەشێك لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی بۆ وەزارەتی دارایی و بەرێوەبەرایەتی بانكەكانی سلێمانی دەگەرێَتەوە كە پارەی پێویستیان نیە بۆ ئەوەی بیدەن بە كۆمپانیاكانی دەرمان.

ئاماژەی بەوەشدا، كۆمپانیاكانی دەرمان چەكی بانكیان هەیە، بەڵام پارەی كاشیان پێنادەن لە بانكەكان.

وەزیری تەندروستی وتیشی، لە رێگەی دروست كردنی لیژنەیەكەوە بەدواداچون دەكەن بۆ ئەو كێشەیە و لیژنەکەش لە سەر ئاستی وەزارەت دروست كراوە سەردانی شاری سلێمانی دەكات و بە شێوەیەكی مەیدانی بەدوادچون بۆ كێشەكان دەكات.

ئەوەشی خستەڕوو، "نایەڵین بگات بەو حاڵەتەی دەرمان بە تەواوی لە نەخۆشخانەكاندا نەمێنێت".

هاوکات، داواشی لە كۆمپانیاكانی دەرمان كرد زیاتر دان بە خۆیاندا بگرن.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ سامان لەتیف وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە ئەمڕۆوە ٣ی ٤ی ٢٠٢٢بەهۆکاری گرفتی نەبوونی دەرمان و کەرەستە و پێداویستییە پزیشکییەکان بەشێک لەناوەندە تەندروستییەکانی سەر بەبەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سێمانی بەشێکی زۆر لە خزمەتگوزارییەکانیان رادەگرن.

ئاماژەی بەوەشداوە، هەریەک لە نەخۆشخانەکانی هیوا - منداڵبوون - د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان - پسپۆڕییەکانی دڵ - بانکی خوێن لەو نەخۆشخانانەن کە بەشێکی زۆری خزمەتگوزارییەکانیان رادەگرن.













گەلەری