سەردێڕ:

هاوکێشەی نرخی نەوت گۆڕا؛ نرخی نەوتی تەکساس بەرزتربووەتەوە لە نەوتی برێنت

AM:10:16:07/04/2026

1720 جار خوێندراوەتەوە

نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد و بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠٢٢ـەوە، نرخی نەوتی تەکساس لە نەوتی برێنت گرانتر بوو.


ئەمڕۆ ٧ـی نیسانی ٢٠٢٦، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە ١١١ دۆلار و سێ سەنت. هاوکات، نرخی نەوتی خاوی سوکی تەکساسیش بەرزبوونەوەی زیاتری بەخۆوە بینی و بە ١١٤ دۆلار و هەشت سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.

وەرچەرخانێکی دەگمەن لە بازاڕی وزەدا

ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوتی تەکساس و تێپەڕاندنی نرخی برێنت بە رووداوێکی دەگمەن دادەنرێت؛ چونکە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ئەمە یەکەمینجارە نەوتی سوکی ئەمریکی بە نرخێکی گرانتر لە نەوتی برێنت بفرۆشرێت.

جەنگ و شڵەژانی بۆرسە

شارەزایانی بواری وزە ئاماژە بەوە دەکەن، هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵکشانە بۆ دەستپێکردنی جەنگی نێوان (ئەمریکا و ئیسرائیل) لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە. ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە بووەتە هۆی شڵەژانی گەورە لە بازاڕەکانی بۆرسەی جیهانیدا.

بۆچی خواست لەسەر نەوتی تەکساس زیادی کردووە؟

بەهۆی سەرهەڵدانی جەنگ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گواستنەوە و دەستنەکەوتنی نەوتی خاوی برێنت رووی لە کەمی کردووە، ئەمەش وایکردووە کڕیارانی نەوت روو لە کڕینی نەوتی سوکی تەکساس بکەن کە لەلایەن ئەمریکاوە بەرهەم دەهێنرێت، بەوەش هاوسەنگی خواست و خستنەڕوو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و نرخەکەی بەو شێوەیە بەرزبووەتەوە.













گەلەری