سەردێڕ:

لەنێوان هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆردا

AM:10:21:07/04/2026
424 جار خوێندراوەتەوە
عیماد ئەحمەد
+ -

لە خەونمدا، پێش لافاوەکەی نووح، لە مزگەوتەکەی دێی تەنگیسەر لە قەرەداغ، دیالۆگێکی ڕۆشنبیریی نایاب و قووڵ، لەنێوان سێ هاوڕێی ئازیزم، ئازاد هەورامی و بەکری حاجی سەفەر و مامۆستا موحسینی خاڵم، سەبارەت بە هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆر و کات (زەمان)ەوە، دەستی پێ کرد؛ گوێم لێ بوو کاک ئازاد وتی:

«خۆرهەڵاتن وەک منداڵێکی تازە لەدایکبوو دەردەکەوێت، کە بە خەندەیەکی پاک ئاسمان ڕووناک دەکاتەوە.»

مامۆستا موحسین وتی:

 

«لە کاتی ئاوابووندا، خۆر وەک پیرێکی دانا دەچێتە ناو دەریا، بە دڵێکی ئارام و چاوێکی پڕ لە ئەزموون.»

کاک بەکر وتی:

«منداڵ لە ئێستادا دەژی، ڕابردوو بۆی زۆر دوورە و داهاتووش وەک خەونێکی نادیارە. بۆیە زەمان لە هەستیدا فراوانە و نەبەستراوە بە ژمێریارییەوە»

کاک ئازاد فەرمووی:

«منداڵ زەمەن نازانێت، تەنیا تێیدا دەژی.»

مامۆستا موحسین فەرمووی:

«پیر زەمەن دەزانێت، بۆیە هەموو ساتێک دەژمێرێت.»

ئینجا کاک بەکر فەرمووی:

پێشینان دەڵێن: «ئەو کەسەی بە خۆرهەڵاتن خۆشحاڵ نەبێت، لە ئاوابوونیش تێناگات.»

لەپڕێکدا، بە دەنگی بانگی بەیانی مەلای مزگەوتی نالی لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی بەخەبەر هاتم و ئەم چەند دێڕەم نووسی:

کەس ناتوانێت باڵی زەمەن بگرێت، کاتێک بە ئارامی لەسەر شانی ڕۆژەکان دەفڕێت. بەیانیان، کاتێک یەکەم تیشکی خۆر، باوەش بە ڕووی زەوی دەکات، ژیان هێدی هێدی لە خەو هەڵدەسێت، بەبێ پرسیار، بەبێ وەڵام. ئێوارە، کاتێک ڕەنگی ئاسمان لە زێڕییەوە دەگۆڕێت بۆ سوورێکی غەمگین، خۆر وەک پادشایەکی بێدەنگ، تاجەکەی دادەنێت و لەپشت چیاکان ون دەبێت. لەنێوان ئەم دوو ساتەدا، مرۆڤ چیرۆکێک دەنووسێت، چیرۆکێکی هەموو جار ناتەواو.

کات، ئەو میوانەی کە هەرگیز ناوەستێت، بەڵام هەرگیزیش خۆی پیشان نادات. ئێمە وا دەزانین وەک ژمارەیەکە لە چرکەکان، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کات ڕووناکییە لەنێوان دوو تاریکیدا. ئەوە لە خۆرهەڵاتندا دەست پێ دەکات و لە خۆرئاوابووندا خۆی ون دەکات. لە هەموو چرکەیەکدا گۆڕانێکی بچووک ڕوو دەدات و لە هەموو گۆڕانێکدا، بەشێک لە ئێمە ون دەبێت بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین.

گەردوون وەک ئامێرێکی گەورە، بە بێدەنگی کار دەکات؛ زەوی دەخولێتەوە، کات دەڕوات و ژیان لەنێوان ئەم دوو هێزەدا لەدایک دەبێت، بەڵام لەناو ئەم هەموو جووڵەیەدا مرۆڤ تەنیا بینەرێک نییە؛ ئەو شاعیرە، ئەو کەسەیە کە لە هەموو هەڵهاتنێکدا هیوایەک دەبینێت و لە هەموو ئاوابوونێکدا یادێکی دڵتەنگ.

ئەمڕۆ شاشەکان ڕووناکیی خۆریان دروست کردووە. شەو کە پێویست بوو ببێتە پەناگەی ئارامی، بووە بە بازاڕی دەنگ و ڕووناکی. ڕۆژیش کە دەبوو ببێتە کاتی ژیان، بووە بە ڕاکردنێکی بێ کۆتایی. ئێمە لەنێوان ئەم ڕووناکییە دەستکردانەدا، ڕووناکیی ڕاستەقینەمان لەدەست داوە؛ لەنێوان چرکەکاندا ون بووین و «سات»مان بیر چووەتەوە.

لە چاوەکانی شاعیردا، خۆرهەڵاتن دڵ تازە دەکاتەوە و خۆرئاوابوون وەک داخستنێکی ئارام لە کتێبێکی پڕ لە خەوندا. هونەرمەند ڕەنگەکان دەبینێت، فەیلەسووف پرسیار دەکات، بەڵام دڵی مرۆڤ ئەو شوێنەیە کە هەموو ئەم مانایانەی تێدا یەک دەگرنەوە.

بیر دەکەمەوە لە منداڵیمدا، لەو کاتەی خۆر تەنیا خۆر بوو؛ نە نیشانەی کات، نە بیرەوەری، نە نیشانەی غەم بوو، تیشکەکانی وەک یارییەک دەهاتن و تاریکییان دەشکاند، بەڵام ئێستا هەر ئاوابوونێک وەک لاپەڕەیەکی داخراوە لە ژیانی مندا، هەر ڕۆژێک کەمترم دەکات و هەر شەوێک زیاتر لە خۆم دوورم دەخاتەوە.

هەڵهاتنی خۆر و ئاوابوونی، تەنیا دوو ڕووداوی سروشتی نین؛ ئەوان دوو پەیامی ژیانن کە لە هەموو ڕۆژێکدا بە زمانێکی بێدەنگ قسە لەگەڵ مرۆڤ دەکەن.

دانایان دەڵێن: «هەر سپێدەیەک دەرفەتی نوێیە، و هەر ئاوابوونێک یادەوەرییەکی پڕ مەعنای کۆتایی.» ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە خۆرهەڵات نیشانەی دەستپێکی هیوایە، بەڵام خۆرئاوابوون فێرمان دەکات چۆن لە فەوتان و مردن نەترسین و قبووڵی گۆڕان بکەین.

لە کۆتاییدا، ڕەنگە کات (زەمان)، خۆی هیچ مانایەکی نەبێت. ڕەنگە ئەوە ئێمە بین کە مانا بە کات دەبەخشین؛ بە هەناسەکانمان، بە خەونەکانمان، بە ئەو وشانەی کە هەرگیز نەنووسران، لەنێوان هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆردا، ئێمە هەوڵ دەدەین چیرۆکێکی تەواو بنووسین، بەڵام زۆرجار خۆر پێش ئەوەی دوا وشە بنووسرێت، بێدەنگ دادەبەزێت و لاپەڕەکان هەروا بە سپێتی دەمێننەوە.

گەلەری