سەردێڕ:

روسیا بەنیازە جگە لە رۆبڵ مامەڵە بە بتکۆینەوە بکات

PM:03:56:26/03/2022

4968 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی دۆمای روسیا رایگەیاند، چاو بە مامەڵە بازرگانییەکاندا دەخشێننەوە لەوەی هەریەک لە دراوی نیشتیمانی رۆبڵ و دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین لەبەرامبەر هەناردەکردنی وزەدا وەربگرن.


بافڵ زافالنی سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی دۆمای روسیا "پەرلەمان" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتە دۆستەکانی وەک چین بە دراوی نیشتیمانی رۆبڵ و یوان و لەگەڵ تورکیادا بە رۆبڵ و لیرە مامەڵە بازرگانییەکانی دەکات.

وتیشی، بڕیاریانداوە لەگەڵ وڵاتانی دۆستی روسیادا نەرمتربن لەمامەڵەکانیاندا.

ئاماژەی بەوەشدا، بەکارهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین لە بەرامبەر هەناردە کردنی وزە کاری لەسەردەکەن و چاوی پێدا دەخشێننەوە.

هاوکات، لە دوای لێدوانەکانی بافڵ زافالنی لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەهای دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین بە رێژەی ٤٪ بەرزبووەتەوە و نرخی یەک بتکۆین بە ٤٤ هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

رۆژی چوارشەممەی رابردووش، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا رایگەیاند، لەمەودوا سەرجەم مامەڵەکانی هەناردەکردنی وزە بۆ وڵاتانی نادۆست "وڵاتانی ئەوروپا" بە رۆبڵ بکرێن، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک لەبەرامبەر ئەو سزا ئابوری و بازرگانی و داراییانەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان بەسەر روسیایاندا سەپاند.













گەلەری