سەردێڕ:

زیلنسکى مەرجەکانى ئۆکرانیای بۆ رێککەوتن لەگەڵ روسیا ئاشکراکرد

AM:11:07:26/03/2022

63516 جار خوێندراوەتەوە

لەگرتەیەکى ڤیدیۆییدا، سەرۆکی ئۆکراینا مەرجەکانى وڵاتەکەی بۆ رێککەوتن لەگەڵ روسیا ئاشکرا کرد.


ئەمڕۆشەممە، ڤۆلۆدۆمیر زیلینسکى گرەنتى کردنى سەربەخۆیى و سەروەرى وڵاتەکەى وەکو مەرجێک بۆ رێککەوتن لەگەڵ روسیا دەستنیشان کرد.

ڤۆلۆدمیر زیلنسکى رایگەیاند، ئۆکرانیەکان زیانى زۆریان بە سوپاى روسیا گەیاندوە، شەڕى دۆنباس و خارکێف و کیێڤ بەردەوامە.

سەرۆکى ئۆکرانیا ئەوەشى خستەڕوو تاکو ئێستا ١٦ هەزار سەربازى روسیا کوژراون، ئەمانە لەپێناو چیدا کوژراون؟ کێ سودمەندبوو؟ دەبێت گفتوگۆى جدى بکرێت؟

لەلایەکی دیکەوە، ئایرینا ڤێریچۆک جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا، رایگەیاند کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لەڕێگەی دوو رێرەوی مرۆییەوە، حەوت هەزار و ٣٣١ هاووڵاتی ئۆکراینا گواستراونەتەوە.

جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا جەختی لەوەش کردەوە، بەدەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ گەیاندنی کاروانی هاوکاریی مرۆیی بە هاووڵاتییان و لەم چوارچێوەیەشدا ٨٠ تۆن خۆراک، پێداویستی پزیشکی و پێداویستی سەرەکییان گەیاندووەتە خەڵکی شارەکانی بێردیانسک و مێلیتوپۆڵ.

ئایرینا ڤێریچۆک ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆش، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان لەو ناوچانەی شەڕوپێکدادان تێیاندا بەردەوامە. لەم چوارچێوەیەشدا دیداروکۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسان بەردەوام دەبێت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکانی کیێڤ، ماریوپۆڵ و لوهانسک.

رۆژى ٢٤ مانگى شوبات، روسیا هێرشێکى بەرفراوانى کردە سەر ئۆکراینا و تاکو ئێستاش شەڕ بەردەوامە، مەرجى روسیا بۆ کۆتایهێنان بەشەڕ، دەستبەرداربوونى ئۆکراینیایە لەسەر بە ئەندامبوونى لە هاوپەیمانى ناتۆ و لەبەرامبەردا کیێڤ پێی وایە ئەم پرسە دەست وەردانە لەسەروەرى ئۆکرانیا.













گەلەری