سەردێڕ:

لە دوو رووداوی هاتوچۆدا دوو کەس گیانیانلەدەستدا و ١٠ کەسی دیکە برینداربوون

AM:10:38:26/03/2022

12048 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کۆیە رایگەیاند، لە ئەنجامی رووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری وەرگەڕان لەسەر رێگەی کۆیە – هەولێر کەسێک گیانیلەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.


ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کۆیە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کاتژمێر ٧ی بەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی کۆیە - هەولێر روداوێکی هاتوچۆ لەجۆری وەرگەڕان روویداوە، بەهۆیەوە کەسێک گیانیلەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.

ئاماژەی بەوەشداوە، رووداوەکە لە نزیک گوندی باوەقوب ئۆتۆمبێلی جۆری توێتا کرۆڵا تاکسی کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە وەرگەڕاوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئەنجامی رووداوەکە دەستبەجێ کەسێک گیانیلەدەستداوە.

پێشتریش، محمد ئامۆکەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی شەقلاوە بە ئێن ئارتی راگەیاند: کاتژمێر ١٠ی ئەمشەو ١٠ کەس گەیەندرانە بەشی فڕیاکەوتنی نەخۆشخانەی ھەریر دیاربوو بریندارەکان بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ بووە .

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەنجامی رووداوەکە ژنێک گیانیلەدەستداوە و نۆ کەسەکەی دیکەش برینداربوون.

رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان و برینداربوون یان کەمئەندامبوون دادەنرێت لە هەرێم، کە بەشێکی پەیوەندی بە خراپی رێگاوبان و کوالێتی رێگاوبانەکانەوە هەیە و بەشێکیشیان پەیوەندی بە پابەندنەبوونی شۆفێران بە خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی هاتوچۆوە هەیە.













گەلەری