پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەشێک لە خانەنشێنان لەم شەوەوە لەبەردەم بانکەکانیان لە سەرەی موچەدان و چاوەڕێی وەرگرتنی موچەکانیان دەکەن کە بڕیارە سبەی پێیان بدرێت.
یەکێک لە خانەنشینان باسی لەوەکرد، "لە کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆوە لە سەرەدام و تا سبەی دەمێنمەوە تا بتوانم سبەی لە کاتێکی گونجاودا موچەکەم وەربگرم."
یەکێکی تر لە خانەنشینان ئەوەی خستەڕوو، "خەمی ئەوەمانە سبەی نەتوانین موچەکانمان وەربگرین چونکە ٥٠ رۆژە موچەمان وەرنەگرتووە و دڵنیانین لە وەرگرنتی موچەکانمان."
ئەمەش دوای ئەوەدێت بەگوێرەی لیستی موچەی وەزارەتی دارایی بڕیاربوو ئەمڕۆ موچەی وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و پلاندان و بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و خوێندنی باڵا و شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ بوون و رۆشنبینی و لاوان و گواستنەوە و گەیاندن و کارەبا دابەش بکرێت، بەڵام لەبەر نەبوونی پارە لە بانکەکاندا دابەشکردنەکە دواکەوت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، هەرچەندە حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو هەموو ٢٥ مانگێک دەست بە دابەشکردنی موچە دەکەن، بەڵام سەرەڕای زۆریی داهات، حکومەت تاوەکو ئێستا موچەی مانگی ٢ی دابەشنەکردووە.