سەردێڕ:

ئاگاداریەک لە هاتوچۆوە لەبارەی رۆژانی نەورۆزەوە

PM:05:35:19/03/2022

6244 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، بەمەبەستی نەهێشتنی گرفت و قەرەباڵغی و رێگەگرتن لە كەوتنەوەی رووداوی نەخوازراو، لەماوەی رۆژانی جەژنی نەورۆزدا جموجۆڵی بارهەڵگر و ماتۆڕسكیل لە سەیرانگا و ناوچە گەشتیارییەكان رادەگیرێت.


بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئاگاداری شۆفێرانی بارهەڵگر و ماتۆڕسكیلەكان دەكەنەوە کە بەمەبەستی رێگریکردن لەكەوتنەوەی رووداوی هاتووچۆیی مەترسیدار لە ناوچە گەشتیارییەكان، جموجۆڵی بارهەڵگر و ماتۆڕسكیل لە رۆژانی نەورۆزدا رادەگرن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هاتوچۆی سەرجەم ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان و ماتۆڕسکیلەکان لە كاتژمێر ١٢ی شەوی ٢٠ی ئازار تاكو كاتژمێر ١٢ی شەوی ٢٢ی ئازار لە سەیرانگا و ناوچە گەشتیارییەكان قەدەغەیە.

باسی لەوەشکردووە، كە شۆفێران پێویستە پابەندی ئەو ئاگادارییە بن بەپێچەوانەوە مەفرەزەكانی هاتووچۆ لێپێچینەوە لە شۆفێری سەرپێچیكار دەكەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند،تائێستا بۆ بەشداریکردن لە یادی نەورۆز زیاتر لە ٦٠ هەزار گەشتیار هاتونەتە پارێزگاکە.

گەشتوگوزاری سلێمانی ڕاشیگەیاند، بەڕێوبەرایەتییەکەیان لە هەموو ناوچە گەشتییارییەکان ئامادەکاریی کردووە بۆ ئاسانکاریی گەشتیاران و پاراستنی ئاسایشیان.

باسی لەوەشکرد، رێژەی هاتنی گەشتیار بۆ پاڕێزگای سلێمانی، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیادیکردووە ئەوەش بەهۆی ئاساییکردنەوەی دۆخی کۆرۆنا و لابردنی بەشێکی زۆری رێکارەکان.













گەلەری