سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند موچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکات و لیستێکی موچەی بڵاوکردەوە و بڕیاربوو ئەمڕۆ موچەی چەند وەزارەتێک دابەش دەکرێت، بەڵام بە بیانووی نەبوونی پارە و نەگەشتنی لە هەولێرەوە موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی دابەشنەکراوە.
چاوگێک کە فەرمانبەرە و چووە بۆ وەرگرتنی موچەکەی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندووە، تا ئێستا لەبەردەم بانکەکاندا راوەستاون و موچەکانیان پێنەدراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕتی، تا ئێستا لە بانکەکانی سلێمانی موچەی هیچ کام لە وەزارەتەکان دابەشنەکراوە.
فەرمانبەرێکی دیکەش لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە بە مەبەستی وەرگرتنی موچەی مانگی دوو سەردانی بانکی ئاشتییان کردووە بەڵام تاکو کاتژمێر پێنجی ئێوارە موچەیان پێنەدراوە بە بیانووی نەبوونی پارە لە بانکەکاندا و پێیان وتوون کە چاوەڕێی پارەن لە هەولێرەوە بگات و ئەو کاتە موچەکانیان دابەش دەکەن.
بەگوێرەی لیستی موچەی
وەزارەتی دارایی بڕیاربوو ئەمڕۆ موچەی وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و پلاندان
و بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و خوێندنی باڵا و شارەوانی و
گەشتوگوزار و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ بوون و رۆشنبینی و لاوان و گواستنەوە و
گەیاندن و کارەبا دابەش بکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، هەرچەندە
حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو هەموو ٢٥ مانگێک دەست بە دابەشکردنی موچە دەکەن، بەڵام
سەرەڕای زۆریی داهات، حکومەت تاوەکو ئێستا موچەی مانگی ٢ی
دابەشنەکردووە.
ئیحسان سابر، سلێمانی