سەردێڕ:

سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

PM:02:25:19/03/2022

5152 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیاریانداوە لە رۆژانی نەورۆزدا دەوامیان رانەگرن.


ئەمڕۆ شەممە، سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ١٢٢ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ئەگەرچی بودجەمان لەبەردەست نیە بۆ ھاوکاری کارمەندەکانمان بۆ کارکردنیان لە رۆژانی نەورۆز، بەڵام وەک ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر بە ھاوڵاتیانی سلێمانی بڕیارماندا لە نەورۆزدا کارەکانمان رانەگرین".

ئاماژەی بەوەشدا، "بەپلانێکی تەواو لە رۆژانی نەورۆزدا بەسەرجەم تیمەکانمانەوە لەخزمەتی ھاوڵاتیانمان دەبین لەناو شار و سەیرانگەکان و سەر رێگەی سەیرانگەکانیش".

هاوکات، هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە رۆژانی نەورۆزدا سەرجەم هێزەکانیان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و كامێرای چاودێریش له‌ ناو شارو رێگاكانی ده‌ره‌وه‌ داده‌نرێن. دەشڵێت، "داوا لە هاوڵاتیان دەکەین خۆیان بەدوربگرن لە خێرایی لێخوڕین و بەتایبەتی مەیخواردنەوەی شۆفێران".

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی دابین نەکردنی بودجەی پێویست و سوتەمەنی بەنزین بۆئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن "ئیسعاف"، لەماوەی رابردوودا بەشێک کارمەندەکان و شۆفێرانی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ١٢٢ بایکۆتی دەوامیان راگەیاند. هاوکات، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق هەمان رۆژ بەمەبەستی رانەوەستانی کارەکانیان بڕێک بەنزینی بۆ دابینکردن.

 

 

گۆران لوقمان - سلێمانی













گەلەری