سەردێڕ:

فەرماندەی میحوەری گەرمەسێر: خەڵک یەکێتی و پارتی بە دز و جەردە دەزانن

AM:11:12:14/03/2022

9732 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێر لە چوارچێوەی بەشداری کردنی لە مەراسیمێکدا لە گەرمیان رایگەیاند، ئەگەر خۆیان چاک نەکەن و دڵی میللەت ئاشت نەکەنەوە کارەساتی پارتی و یەکێتی بەڕێوەیە.


ئاماژەی بەوەشدا، میللەت یەکێتی و پارتی بە دز و جەردە دەزانن. دەشڵێت، لەمسەری شار بۆ ئەوسەری شار ١٠ کەس نادۆزیتەوە پارتی و یەکێتیان خۆشبوێت.

فەرماندەی میحوەری گەرمەسێر باسی لەوەشکرد، "هەڤاڵ و دۆست و کەسوکار و خزمەنکانیشیمان لێمان ناڕازین و هەموومان بە دز و جەردە دەزانن".

لەبارەی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانییشەوە، مەحمود سەنگاوی ئاشکرای کرد، دەیانەوێت بە فرت و فێڵ کورسی بەدەستبهێنن و ئەوەش دادیان نادات، بەڵکو یەکپارچەیی و گەڕانەوە بۆ میلەت و ئاشتکردنەوەی میلەت دادیان دەدات.

دەشڵێت، شتێک دادیان دەدات کە داهات شەفاف وئاشکرا بکەن و شێواز و چۆنییەتی خەرجکردنی دیاربێت.

مەحمود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێر باسی لەوەشکردووە، ناڕازیبوونی خەڵک لە یەکێتی و پارتی لە ئەنجامی یەکنەبوون وسەرنەکەوتنیان لە حکومەڕانییەکی باش ونەبوونی خزمەتگوزارییەکانە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و دابیننەکردنی کارەبای هەمیشەیی نیشتیمانی و نەبوونی سیستمێکی تەندروستی باش و پشتگوێخستنی کەرتی پەروەردە و خراپی رێگاوبان و بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و سوتەمەنی بەشێوەی پلەبەندی و دابەشنەکردنی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و ژینگەپارێزان و کێشە دروستکردن بۆ دەرماڵەی خوێنداکارانی زانکۆ و راگرتنی سەرجەم پێشەینەکانی هاوسەرگیری و خانوبەرە و بەردەوام بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا توڕەبوون و نیگەرانی لای هاوڵاتییانی کوردستان دروست کردووە. لەبەرامبەردا، حکومەتی هەرێم سەرقاڵی بەرزکردنەوە و زیادکردنی باج و فرۆشتنی نەوت و ناشەفافی دۆسییەی نەوت و نەگەڕانەوەی زیاتر لە ٥٠٪ی داهات بۆ گەنجینەی حکومەتە.












گەلەری