لەماوەی رابردوودا بەهۆی دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەکی هەرێم و گیان لەدەستدانی چەندین کەس، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای سلێمانی ژمارەیەک رێنمایی بڵاوکردەوە کە پەیوەستە بە گرتنەبەری چەند رێوشوێنێکی پێویست لەکاتی بارانبارینی زۆردا و پێش ئەوەی لافاو رووبدات، ھاوکات ئاماژەی بە ئەرکەکانی حکومەتیش داوە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای سلێمانی راگەیەنراوەکەی لە ژێر ناونیشانی، "ئێمەی ھاوڵاتی چی پێویستە بیکەین پێش روودانی لافاو و دوای دروست بوونی لافاو" بڵاوکردبووەوە.
رێنماییەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی:
١- پێوستە ھەموو
ماڵێک بۆری ئاوەڕۆی "موڕەجەع"ی بۆ دابنێت لە دەرەوەی ماڵی خۆی تا لە کاتی
پڕبوونی مەنھۆڵی گەڕەکدا نەگەڕێتەوە ناو خانووەکەی.
٢- ئەو ماڵانەی گەراجی
دفن یا نھۆمێکی خانوەکەیان چاڵە لە ئاستی جادەوە پێویستە حەوزێکی مەتر چوارگۆشە
دروست بکات و موزەخەی تایبەتی ئاو هەڵکێشان دابنێت لە ناویدا بە حەرەسی زیرەکەوە،
ھەرکات ئاو ھاتە ژوورەوە ئۆتۆماتیکی خۆی بکەوێتە کار و نەھێڵێت ئاو گل بێتەوە.
٣- پاکردنەوەی مەنھۆڵی
ناو ماڵ لە زیخ و بەرد قوڕ و پیسی، ھەروەھا لابردنی سەر گونجەکان لە سەربان و حەوشە
تاکو ئاو بە رێژەیەکی زیاتر بڕوات.
٤- پاککردنەوەی سەربان
و حەوشە لە گەڵا و عەلاگە و مەقابا، بۆئەوەی تا لە کاتی باران باریندا نەچنە بەردەم
مەنھۆڵ و گونجەکان.
٥- ئەو ماڵانەی لە
گەڕەکی لاوەکیدان ئاوی شەقامێکی سەرەکی دێتەوە سەری، پێویستە رێڕەوی ئاوەکە بگۆڕن
بۆجێگەیەکی گونجاوتر لە رێگەی فەردە لم، یان تاسە دانان بە کۆنکرێت ئاستی بەرزی و
نزمی تاسەکە لە ژێر چاودێری یاساکانی ھاتوچۆدا.
٦- کوژانەوەی سەرچاوەی
کارەبا لەو جێگەیەی ئاوی تێدا کۆبووەتەوە و ئەندامانی خێزانەکە قاچیان لە ناوی دایە
و خەریکی دەرھێنانی ئاوەکەن، چونکە مەترسیدارترین رووداو ئەوەیە ئاو بگاتە ئاستی
سویچ پلاک و کارەبا بچێتە سەر ئاوەکە.
٧- ئەو ماڵانەی
ساڵانە دووچاری ھاتنە ژوورەوەی لافاو دەبن و ھیچ ئامادە سازیەکیشیان لەم رێنماییانە
نەکردووە بۆ خۆپاراستن، پێویستە کەلوپەلی کارەبای بەنرخ و ئاڵتون و پارە لە جێگەی
نزمدا دانەنێن، تاوەکو رووداوەکەش روویدا زەرەروو زیان کەمتر بێت.
٨- سەلامەتی خۆت
و ماڵ و مناڵ و ئەندامانی خێزانت لە پێش ھەموو شتێکەوەیە گەر ھیچت پێ نەکرا باشترین
شت ئەوەیە بێیتە دەرەوە بچیتە جێگەیەکی پارێزراو.
٩- ئەو ماڵانەی سەربانیان
گڵ و دارە، پێویستە بە زووترین کات بێنە دەرەوە و نەمێننەوە لە ژێریا، چونکە مەترسی
تەپین و رووخانی ھەیە.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی بەرگری شارستانی سلێمانیدا
ھاتووە، ئەو ئەرکانەی لەسەرشانی حکومەتە و پێویستە ئەنجامیان بدات، بریتین لە ساڵانە
مەنھۆڵی گەڕەکەکان لە رێگەی لایەنی پەیوەندیدارەوە پاک بکرێتەوە، چونکە زۆربەی مەنھۆڵەکانی
شار لـم و قـوڕ و لیتە پــڕی کردوونەتەوە و گیراون و زۆربەیان سەرە مەنھۆڵەکەش دیارنەماوە
و بووە بە جادە.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە بەردەوام پەیوەنیان لەگەڵ کەشناسیدا
ھەبێت و پێشوەخت ھاوڵاتیان ئاگاداربکەنەوە لە ئەگەری روودانی ھەر لافاوێک.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوو مانگی رابردوودا تاوەکو ئێستا سێ
جار لافاو لە شاری هەولێر روویداوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆری ماددی و گیانی بەر
هاوڵاتیان کەوتووە و لە لافاوەکەی مانگی رابردووشدا ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا، کە
هێشتا تەرمنی منداڵێکی ١٠ مانگان بێسەروشوێنە.
بەهۆی لافاوەکەی هەولێرەوە بەشێک لە هاوڵاتیانی هەولێر زیانی
زۆریان بەرکەوتووە و ئاماژە بەوە دەکەن، ماوەی ٣٠ ساڵە حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە کێشەی
ئاوەڕۆی هەولێر چارەسەر بکات و لە ئێستاشدا رەخنەی ئەوەیان هەیە، بەهۆی هەندێک
پرۆژەوە رێڕەوی ئاوەڕۆی هەولێر گۆڕاوە و بۆیە ئەمساڵ رووبەڕووی زیانی لەو جۆرە
دەبنەوە.