سەردێڕ:

مالیکی: حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی فەرمییە و دەمێنێتەوە

PM:11:17:02/09/2026

788 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، سەردەمی بەکارهێنانی زمانی رووبەڕووبوونەوە و هەڕەشەکردن بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان کۆتاییهاتووە، دەشڵێت، پرۆسەكە رێكخستنی چەكە نەك داماڵین، چونكە دەستەواژەی داماڵین كاریگەری دەروونی خراپی هەیە، هاوکات جەختی لەسەر فەرمیبوون و شەرعییەتی حەشدی شەعبی وەک دامەزراوەیەکی سەربازیی حکومی کردەوە.


نوری مالیکی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی شەرقیە نیوز رایگەیاند، هەڕەشەکردن هیچ ئەنجامێکی نابێت و رێگەی گفتوگۆ بۆ چارەسەری قەیرانەکان کراوەتەوە، روونیشی کردەوە، لیژنەیەکی تایبەت لەگەڵ گرووپەکان گفتوگۆ لەسەر دیاریکردنی جۆری ئەو چەکانە دەکات کە دەبێت رێکبخرێن.

مالیکی وتیشی، هێرشکردنە سەر گرووپەکان و حکومەت هیچی لێ سەوز نابێت، چونکە نە حکومەت ئەوەندە لاوازە هێرشی بکرێتەسەر، نە لە بەرژەوەندیشدایە هێرش بکرێتەسەر گرووپەکان، بەڵکو ئەم دۆخە دەرگای بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەر کردووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەرگریی لە پێگەی حەشدی شەعبی کرد و رایگەیاند، هەوڵێک هەیە بۆ تێکەڵکردنی ناوی حەشد لەگەڵ میلیشیا و چەکی دەرەوەی دەوڵەتدا، بەڵام حەشد بەو شێوەیە نییە، مالیکی جەختی لەوە کردەوە، حەشد دامەزراوەیەکی سەربازیی حکومییە و لە کاتی سەرۆکایەتیکردنی حکومەتدا بە فەرمانێکی دیوانی خۆی پێکیهێناوە و تا ئێستاش بەردەوامە، کە ئەوەش بنەمای شەرعییەتەکەیەتی.













گەلەری