سەردێڕ:

ستیڤن فەیگن وەک کاربەڕێکەری نوێی ئەمریکا لە بەغدا دەستبەکاربوو

PM:04:50:02/09/2026

872 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە فەرمی دەستبەکاربوونی ستیڤن فەیگنی وەک کاربەڕێکەری نوێی نێردەی دیبلۆماسیی وڵاتەکەی لە عێراق راگەیاند، ئەم گۆڕانکارییە دیبلۆماسییە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان و چوونە ناو قۆناغێکی نوێی پەیوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکان.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، گەڕانەوە و دەستبەکاربوونی ستیڤن فەیگنی وەک کاربەڕێکەری نوێی نێردەی دیبلۆماسی وڵاتەکەی لە عێراق راگەیاند.

فەیگن کە پێشتر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا بووە لە هەولێر و باڵیۆزی وڵاتەکەشی بووە لە یەمەن، جێگەی جۆشوا هاریس دەگرێتەوە کە هەفتەی رابردوو کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی راگەیاند.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەزموونی دەوڵەمەندی فەیگن دەبێتە هۆی زیاتر پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا لە قۆناغی داھاتوودا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، فەیگن خاوەنی ئەزموونێکی فراوانە لە کاروباری ناوچەکەدا و لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە یەمەن، هەروەها لە رابردوودا پۆستەکانی جێگری باڵیۆز و کاربەڕێکەری لە بەغدا بەڕێوەبردووە، جگە لەوەی پێشتر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا بووە لە شاری هەولێر.

ئەم دەستبەکاربوونە دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو جۆشوا هاریس، کاربەڕێکاری پێشووی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی راگەیاند.













گەلەری